رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە زیاتر لە 100 گەنجی پارچەکانی کوردستانی دانیشتووی دیاسپۆرا کرد کە لە ناویاندا 12 گەنجی وڵاتانی ئەوروپاییش هەبوون. سەرۆک بارزانی لەبارەی گەنجانی دیاسپۆرا گوتی، "دەبێت پێگەو سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەورووپییەکاندا"
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی باسی لە "گرنگیی کۆبوونەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نەتەوەیی لە پێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەیی و پاڵپشتی کردنی دۆزی رەوای کوردستان کرد".
سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە کە گەنجانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات "دەبێت پێگەو سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەورووپییەکاندا و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن، هەروەها ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان دیاسپۆرا و نیشتیمان و لەدەرەوەش لۆبیەکی بەهێز لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسیی و فەرهەنگی بۆ کوردستان دروست بکەن." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی باسی لە بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و جەختی لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی رەوای کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کردەوە.
ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دیدارەکەدا "سوپاس"ـی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتی کردن لە هەوڵی کۆکردنەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییان.
هەروەها یاد ئەمین، سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی وێڕای دەربڕینی "سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتییەکان"ـی سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی لاوانی رەوەندی کوردستانی و سازدانی ئەم گەشتە بۆ جەنابیان باس کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر ئامانجە نزیک و دوورەکانی پڕۆگرامەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ