لە ماوەت یەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەیە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ شۆفێری نییە

05-11-2022
نزار جەزا
دیمەنێک لە قەزای ماوەت
دیمەنێک لە قەزای ماوەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باناڵێ یەکێکە لە گوندە ئاوەدانەکان کە نزیکی 15 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوورە؛ نموونەی گوندێکی هەرێمی کوردستانە کە دانیشتووانەکەی گرفتی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان لە قەزاکەیاندا هەیە. ئامینەی تەمەن 71 ساڵ لە تەمەنیدا هەرکات پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبووبێت، کوڕەکەی یان خزمەکانی زیاتر لە 40 کیلۆمەتریان بڕیوە تاوەکو بیگەیێننە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی. 
 
ئامینە ساڵح، دانیشتوویەکی گوندی باناڵێیە و دەڵێت: نەک نەخۆشخانە کەسێک نییە هەر دەرزییەکمان بۆ بکات، بۆ دەرزییەک دەبێت بچم بۆ شار، نە شەقامێکی باشمان هەیە، نە ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنمان هەیە، تاوەکو ئێستا ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن نەهاتووەتە نێو گوندەکەوە، هەرکاتێک نەخۆشکەوتبم ئەگەر کوڕەکەم لەماڵ نەبووبێت بە براکەم یان خزمان دەڵێم، بمبەنە نەخۆشخانە.  
 
یوسف مەعرووف، دانیشتوویەکی گوندی سوورەقەڵاتە بەهۆی کارەکەیەوە زۆر کات لەسەر شاخ و کێوەکانی شارباژێڕە و زۆرترین ئەگەری پێکان و برینداربوون و پێوەدانی مار و دووپشکی هەیە. یوسف دەڵێت: هەر کاتێک ئەگەری هەیە لە شاخێک بەربمەوە یان بکەوم یان مارێک پێوەمبدات، بۆیە بوونی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن پێویستییە بۆ هەموو شوێنێک. سوپاسی حکومەتى هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر بکات. 
 
هەموو قەزای ماوەت تەنها یەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی هەیە، لەکاتێکدا پێویستی بە پێنج دانەیە. زیاتر لە 80 گوندی قەزای ماوەت سوود لە یەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەبینن، ئەویش لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ هیچ شۆفێرێکی نییە، دوو رۆژی دیکە شۆفێرێکی گرێبەستی هەیە، سێ رۆژەکەی دیکە سێ شۆفێری خۆبەخشی هەیە. 
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت: زۆر کات ناتوانین سوود لەو تاکە ئۆتۆمبێلە وەربگرین چونکە شۆفێری تەواوی نییە، زۆر کات هەبووە مین تەقیوەتەوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بەردەستنەبووە، بەناچاری لە شوێنی دیکەوە داوای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنمان کردووە؛ جاری دیکە نەخۆش هەبووە جەڵتە لێیداوە نەمانتوانیوە لە کاتی خۆیدا بیگەیێنینە نەخۆشخانە. 
 
ئەم گرفتە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کورستان هەیە. بەپێی ئامارەکان کە لە هۆبەی فریاکەوتنی خێرای شارەکان وەرگیراون، ژمارەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی شارەکان، لەکارکەوتووەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پێویستیانە بەمجۆرەیە: 
 
پارێزگای هەولێر 177 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی هەیە، کە 52 دانەیان لەکارکەوتوون، کە تەنها پێویستیان لە چاککردنەوەی لەکارکەوتووەکان هەیە.
 
پارێزگای سلێمانی 175 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی هەیە، کە 60 دانەیان لەکارکەوتوون و 60ی دیکەشیان پێویستە.
 
پارێزگای دهۆک 152 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی هەیە، کە 30 دانەیان لەکارکەوتوون و 42ی دیکەشیان پێویستە.
 
پارێزگای هەڵەبجە 18 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان هەیە، کە دوو دانەیان لەکارکەوتوون و 10ی دیکەشیان پێویستە.
 
ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: لەوانەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بۆشایی هەبێت، بەڵام کاری زۆرباش لەسەر فریاگوزاریی سەرەتایی کراوە، هەموو شوێنێک بە شوێنێکی دیکەوە بەستراوەتەوە؛ واتا ئەو ژمارە پەیوەندییەی کە دانراوە بۆ فریاکەوتنی خێرا لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، هەر کەسێک پەیوەندی پێوەبکات لە نزیکترین شوێنەوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی بۆ دەنێرن. 
 
بەرپرسانی هۆبەکانی فریاکەوتنی خێرا، جگە لەوەی داوای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لەکارکەوتووەکان دەکەن، داواکارن ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانەی لەکاردان بە نوێ بۆیان بگۆڕن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە ئیلام هەورەبرووسکە لە شوانێکی 17 ساڵان دەدات و دەیکوژێت

قایمقامی دێلوران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە گوندێکی سنوورەکە بەهۆی برووسکەوە شوانێک گیانی لەدەستداوە. کەشناسیی ئێرانیش دەڵێت، شەپۆلی بەفر و باران لە ناوچەکە تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.