رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کار بە گرێبەستی سەرشەقامەکان ناکەن و داوا لە کڕیاران و فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل دەکات، تەنیا لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکان گرێبەست بکەن.
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد، لەکاتی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا پشت بە گرێبەستی ئەلیکترۆنیی سەرشەقامەکان نەبەستن و تەنیا لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکان گرێبەستەکان واژۆ بکەن.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، هەر گرێبەستێک لەسەر شەقامەکان بکرێت بە "ساختە و بێبنەما" هەژماری دەکەن و لەکاتی تۆمارکردندا کاری پێناکەن.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، لە رۆژانی دەوامدا نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر شوێنی کاتیی کۆپیکردن و گرێبەستکردنی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبێل کراوەتەوە و بەنرخی کەمتر لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەکەن.
لە رابردوودا گرێبەستکردن لەسەر شەقام ئاسایی بووە و خەڵکێکی زۆر لەو شوێنە کاتییانە گرێبەستەکەیان بۆ کراوە و لە هاتووچۆی هەولێریش مامەڵەکەیان بەڕێوەبراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ