رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکرێت. تاوەکو ئێستا نزیکەی 650 چاودێر و رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتی باجی کۆمیسیۆنیان وەرگرتووە.
جگە لە چاودێرانی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، رێکخراو، کۆنسووڵخانە و رۆژنامەڤانی وڵاتان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە. بەگوێرەی رێکارەکانی تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوە بیانییانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، دەبێت مۆڵەتیان لە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی لقی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی مانگێکە دەرگای خۆتۆمارکردنمان بۆ رێکخراو و کۆنسووڵخانە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە؛ دەتوانن خۆیان وەکو چاودێری نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمار بکەن، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و بەردەوام دەبێت، تاوەکو یەک رۆژ پێش هەڵبژاردنی تایبەتی".
بەرپرسی لقی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "تاوەکو ئێستا، 594 چاودێری نێودەوڵەتی کە خۆیان تۆمار کردبوو باجیان وەرگرتووەتەوە."
جگە لە رێکخراو، باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان، دەزگاکانی راگەیاندنیش دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن. لەوبارەیەوە نەبەرد عومەر رایگەیاند: "51 رۆژنامەڤانی وڵاتان باجیان وەرگرتووەتەوە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن."
زیاتر لە 235 هەزار کەس وەکو کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کراون. جگە لەوان، حیزبەکان دەتوانن لەسەر هەر وێستگەیەک چاودێرێکی خۆیان دابنێن، کە پێیان دەگوترێت "چاودێری قەوارەی سیاسی." رۆژنامەنووسە ناوخۆییەکان پێشتر باجیان بێ بەرامبەر بۆ دەکرا، بەڵام ئەمجارە بۆ هەر باجێک 5 هەزار دینار وەردەگیرێت.
سەبارەت بە پارەی باج، نەبەرد عومەر گوتی، "لە چاودێر و راگەیێندکارە نێودەوڵەتییەکان وەرناگیرێت."
بە گوتەی نەبەرد عومەر، هەموو ئامادەکارییەکان بە شێوازێک دەکرێن پرۆسەکە زۆر بە سەربەخۆیی و بێگەردی بەڕێوەبچێت و هەر لەو چوارچێوەیەشدا چاودێریی هەڵبژاردن بە چەند قۆناخێکدا تێدەپەڕێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا، زیاتر لە 12 دامەزراوەی جیاواز و 6 کۆنسوڵخانەی وڵاتان چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد، کە بریتی بوون لە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەلەستین و یەکێتیی ئەورووپاش پاڵپشتیی رێکخراوەکان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ