لە نەینەوا 41 سەرپێچی تۆمارکراون و نزیکەی نیو ملیۆن کارتی دەنگدان دابەشکراون

05-11-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
شەقامێکی موسڵ لە بانگەشەی هەڵبژاردن
شەقامێکی موسڵ لە بانگەشەی هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی نەینەوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: "ئامادەکاریی تەواویان بۆ هەردوو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی کردووە، زیاتر لە دوو ملیۆن دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەیە، 25 هەزار کارمەند سەرپەرشتیاری پڕۆسەکە دەکەن".
 
د. دژوار زەکی، جێگری ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی نەینەوا لەکاتی بەشداریکردنی لە رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند: "سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و کارگێڕییەکان جێبەجێ کراون و هیچ کێشەیەکی ئەمنی بەرچاو لە پارێزگاکەدا بوونی نییە".
 
جێگری ئۆفیسی کۆمسیۆن لە نەینەوا ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی "کارمەندانیان گەیشتووەتە 25,000 کەس، 5000 کەسیان وەک کارمەندی یەدەگ دانراون، ژمارەی ئەو بنکانەی دەکرێنەوە 173 بنکەن، کە لە کاتژمێر 6:00 بەیانی تاوەکو 7:00ی ئێوارە کراوە دەبن."
 
د. دژوار زەکی دەشڵێت: "هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و سەرجەم لایەنە ئەمنییەکان هەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوەندەکانی دەنگدان و پرۆسەی دابەشکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان."
 
ژمارەی گشتیی دەنگدەرانی پارێزگای نەینەوا دوو ملیۆن و 100 هەزار کەسە. ئەم ژمارەیە دابەش کراوە بەسەر دوو جۆر دەنگداندا:
 
دەنگدانی تایبەت: 110 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریی لەم دەنگدانەدا هەیە.
 
دەنگدانی گشتی: نزیکەی ملیۆنێک و 990 هەزار دەنگدەر دەگرێتەوە.
 
دەنگدانی تایبەت بڕیارە لە 9ی مانگ ئەنجام بدرێت و دەنگدانی گشتی لە 11ی مانگ ئەنجام دەدرێت.
 
کێشەی کارتی دەنگدان و ئاوارەکان
 
سەبارەت بە دابەشکردنی کارتی دەنگدان، د. دژوار زەکی دان بەوەدا دەنێت کە تەنها 450,000 کارتی دەنگدان گەیشتووەتە دەستی دەنگدەران، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دابەشکردنی ئەو کارتانەی ماون لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوودا. 
 
سەبارەت بە کۆتای پێکهاتەکان، ئۆفیسی کۆمسیۆنی نەینەوا ئاماژەی بەوەدا نوێنەرانی کریستیان، شەبەک و ئێزدی لە پڕۆسەکەدا بەشدارن.
 
دۆخی ئاوارە ئێزدییەکان
 
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق-لقی نەینەوا رایگەیاند: "ژمارەی ئەو ئێزدییانەی لە کەمپەکانی دهۆک و هەولێر ناویان تۆمار کردووە، زیاتر لە 25,000 کەسە و مافی ئەوەیان هەیە لە ناو کەمپەکاندا دەنگ بدەن". 
 
گوتیشی: "ئەو ئاوارانەی ناویان تۆمار نەکردووە، دەبێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان (وەک شنگال و زوممار) بۆ ئەوەی دەنگ بدەن".
 
سزا و سەرپێچییەکان
 
د. دژوار زەکی لەبارەی سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا 41 سەرپێچی تۆمار کراون و سزا دراون. کۆی گشتیی ئەو سزایانە گەیشتووەتە 92 ملیۆن دیناری عێراقی، کە بەسەر هاوپەیمانێتی و لایەنە سیاسییەکانی ناو موسڵدا سەپێنراوە". 
 
ئاماژەی بە سەرچاوەی سەرپێچییەکان کرد و دەڵێت "بریتی بوون لە بانگەشەی پێشوەختە و بەکارهێنانی مادە نایاساییەکان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک قوتابی لە هۆڵی تاقیکردنەوە

وەزارەتی پەروەردە: گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەی دەرەکیدا کراوە لە هەردوو وەرزەکەدا جێبەجێ دەکرێت

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ خوێندنی ئەم ساڵ گۆڕانکاری کراوە؛ پار هەموو تاقیکردنەوەکان هەڵبژاردن بوو، بەڵام ئەم ساڵ نیوە بە نووسینە و نیوەش هەڵبژاردنە.