لە هەولێر بە یەک شەو 18 دزیی کراوە

05-12-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
دیمەنی ساتی دزییەکان.
دیمەنی ساتی دزییەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کامێرای چاودێرییەوە ساتی شکاندن و دزینی کەلوپەلی نێو چەند دووکانێک لە کۆمەڵگای پیرزینی هەولێر تۆمارکراوە. دزییەکە کاژێر 04:00 بووە، دزەکان ئۆتۆمبێلێکی BMWیان پێبووە کە ئۆتۆمبێلەکەش هەر دزراوە.
 
یوسف جەمیل زیاتر لە سێ ساڵە دووکانی مۆبایلی هەیە و یەکەمجارە دزی لێدەکرێت، تەواوی پارەی چەکمەچەکەی براوە و لەگەڵ مۆبایل و چەند کەرەستەیەکی دیکەش.
 
یووسفی دووکاندار دەڵێت، "لێرە 325 هەزار لە چەکمەچەیەک هەبووە لەگەڵ 215 هەزا ر و 85 هەزارێکیش، هەروەها بڕێک مۆبایل و کەرەستەی مۆبایلی ئایفۆن وەک ئێربەد و کەلەی شەحن. ئێمە کامێرامان هەیە بەڵام نەبوونی کارەبا کێشە بوو، دوای کاژێر 02:00 زۆربەی کامێراکان تۆمار ناکەن، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئامێری داناوە".
 
نەک تەنیا لەپیرزین بەڵکو گەڕەکی هەولێری نوێ و ناحیەی بەحرکەش لە هەمان کات دزییان تێدا کراوە.
 
بەرەبەیانی 4-12-2023، لە هەولێر و بەشێک لە شارۆچکەکانی دەوروبەری دزییەکان کراون، یەکێک لەو ماڵانەی کە دزیی تێدا کراوە دەکەوێتە ناحیەی بەحرکە و خاوەن پێداویستی تایبەتن و بڕی زیاتر لە هەشت ملیۆن دیناریان لێدزراوە.
 
بەپێی دوایین ئامار کە دەست رووداو کەوتووە، لە هەولێری نوێ پێنج دووکان، لە بەحرکە نۆ دوکان و ماڵێک، هەروەها لە پیرزینیش سێ دووکان، کە بە گشتیی، 18 رووداوی دزیکردن دەکات.
 
ئەمیر محەممەد، دووکاندارێکی دیکەیە کە دزیی لێکراوە و دەڵێت، "من بۆ بەیانییەکەی کاژێر 07:00 ئاگادارکرامەوە دزیم لێکراوە، کاتێک هاتم ئەو رەفە هەمووی بەتاڵ بوو، بڕێک پارە لێرەبوو ئەویشیان بردووە. ئەوانەی لێم دزراون دوای کاری بەرەنگاربوونەوەی تاوان سەرژمێریم کردن، بایی دوو ملیۆن و 700 هەزار دینارن".
 
دوای کەمتر لە 24 کاژێر، پۆلیس و هێزی بەرەنگاربوونەوەی تاوان توانییان کەسێک بە تۆمەتی دزییەکەی پیرزین و سێ کەسی دیکەش کە تێوەگلاون بە دزیی لە شوێنەکانی دیکە دەستگیر بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە