رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر کۆبوونەوە. وەزیری دارایی رایگەیاندووە، هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەردەوامن؛ داواشی لە کۆنسوڵی ئێران کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا رۆڵی هەبێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 05-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دارایی باسی لە دوایین هەنگاوەکان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی لەسەر پرسی بودجە و مووچە بۆ کۆنسوڵی ئێران کردووە و رایگەیاندووە، "هەوڵەکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەو هیوایەی بتوانین بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەموو کێشە و ململانێیەک دوور بخەینەوە."
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەکردووە، هەوڵ دەدەن بە یەک شێواز مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بکرێت؛ داواشی لە کۆنسوڵی ئێران کردووە، لە رێگەی پەیوەندییەکانیانەوە هاوکار بن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، نەسروڵڵا رەشنوودی رایگەیاندووە، توانا و پەیوەندییەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە دەخەنەگەڕ.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر باسی لە شایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کردووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی کێشەی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتووە، لەو بارەیەوە ئاوات شێخ جەناب رایگەیاندووە، "ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پابەندن بە خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیاکان..بە چارەسەربوونی کێشە سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابووری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان، بیانی و نێوخۆییەکانیش چارەسەر دەبن، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوول دابەش نەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان چاوەڕوانن بەغدا پارە بنێرێت و راستەخۆ دەستبکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ