رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن دەکات بەبۆنەی خەڵاتکردنی وەک یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12-5-2024) لە پیرۆزبایینامەکەیدا کە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ "به گهرمی پیرۆزبایی لە رۆژنامهنووسی بەتوانا و بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو له واشنتن، دیار کوردە دەکەم، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیای بیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)، وەک یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لهو وڵاته."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هاوکارانی و هەموو رۆژنامهنووسانی کوردستان دەکەم. ئەم خەڵاتکردنه بەڵگەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خاوەن میدیاکار و رۆژنامەنووسی بەتوانا و لێهاتووه. شانازییان پێوه دهکهین و مایهی رێز و پێزانین و دهستخۆشین. ههر سهرکهوتوو بن."
خەڵاتکردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو وەکو یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا، لەسەر بنەمای چالاکی و لێهاتوویی بوو لە ساڵی 2024.
لەگەڵ دیار کوردە، 7 پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤیزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤیزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن کۆمەڵەی پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکاوە خەڵات کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ