رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، پیاوێک خەزوور و ژنبراکەی خۆی بە دەمانچە کوشت، پۆلیس جگە لە تەقەکەرەکە پێنج کەسی دیکەشی دەستگیر کرد.
رووداوەکە، درەنگی شەوی پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025 لە گوندی جانڤەرەن سەر بە شارۆچکەی ئەرخەنیی ئامەد روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گەنجێکی تەمەن 31 ساڵ، بەناوی "م. ک." لەگەڵ هاوژینەکەی لە قۆناخی جیابوونەوەدا بووە، دەبێتە دەمەقاڵەی لەگەڵ محەممەد جەمال تالای-ی خەزووری، کە تەمەنی 50 ساڵ و ژنبراکەی بەناوی محەممەد شاهـ تالای، کە تەمەنی 21 ساڵە و لە ئیستەنبووڵەوە هاتبوون.
دوای ئەوەی دەمەقاڵێکە گەورە بوو، "م. ک." بە دەمانچە تەقەی لە هەردووکیان کرد و هەڵات.
تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. خەزوور و ژنبرای تەقەکەرەکە کە بە سەختی برینداربوون، دوای چارەسەری سەرەتایی گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەردووکیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لەلایەن تیمەکانی جەندرمەوە کرا، تەقەکەرەکە لە گوندەواری شارۆچکەی پەیاس دەستبەسەر کرا، هەروەها بە گومانی تێوەگلان لە رووداوەکە 5 کەسی دیکەش دەستبەسەر کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ