رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی بەدواداچوونی کێشەی زەوییە کشتووکالیەکانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەی کێشەی زەوییەکانی کەرکووک لە بەغدا کۆدەبێتەوە.
رێبوار تەها، ئەندامی لیژنەی کێشەی زەوییەکانی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند: "کۆبوونەوەکانی داهاتووی لیژنەکەمان لە بەغدا دەبێت. بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانمان لە بەغدا دەست پێدەکەنەوە. چەندین لایەنی پەیوەندیداریش بانگهێشت کراون."
رێبوار تەها، ئاماژەی بەوە دا، لیژنەی پەرلەمانی عێراق بۆ کێشەی زەویوزار لە کەرکووک لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوەیەکیان لە کەرکووک کردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی کێشەی زەوییەکانی کەرکووک دەڵێت: "وەکو لایەنی کوردی تێیدا باشتر بەڵگەکانمان خستە روو بۆ لیژنەکە و لایەنی ئیداری و فەماندەیی سەربازی لە کەرکووک کە ئەو ناوچانە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و کورد چەندە خاوەن هەقە لەسەر ئەم پرسە."
لەبارەی تەواوبوونی وادەی 15 رۆژی لیژنەکەوە ئەو پەرلەمانتارەی کەرکووک کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتییە گوتی: "فرمانی پێكهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە کە لیژنەکە ماوەی 15 رۆژ کارەکانمان تەواو بکەین، بەڵام ماوەکە درێژ دەکرێتەوە. وەکو لیژنەکەش ئێمە داوای کاتی زیاتر دەکەین."
بە گوتەی رێبوار تەها، هۆکاری سەرەکیی ئەو داوایە ئەوەیە پێویستیان بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی زیاترە، تیمێکیان هەر لەناو لیژنەکەدا کاری کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەبێت کە پێویستە ببرێنە بەردەم لیژنەکە و پاشان بۆ پەرلەمانی عێراق پێشکەش بکرێت.
دەوامی پەرلەمان بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە سێ بۆ چوار رۆژ راگیراوە. ئەندامانی لیژنەکە هەریەکەیان چوونەتەوە پارێزگاکانی خۆیان و تەنیا کوردەکان ماونەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کارەکان هەندێک دوا بکەون.
رێبوار تەها، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "وەکو پەرلەمانتارانی کەرکووک پێش هاتنی لیژنەکە نووسراوێکمان بۆ فەرمانگەی ناسنامەی باریشارستانی (نفوس)ـی کەرکووک کرد. ئەوانیش وەڵامیان داوینەتەوە کە عەرەبە هاوردەکان سەرژمێریی ساڵی 1957ـیان نییە، بەڵکو سەرژمێرییەکیان بۆ کراوە لە پێناو بەعەرەبکردنی ئەو ناوچەیەدا کە ئەوەش بە بڕیارێکی حزبی بەعسی ئەو سەردەمە بووە کە لە ساڵی 1976ـدا بۆیان کراوە. ئەوە بەو واتایەیە ئەوانە خەڵکی ئەو ناوچەیە نین، بەڵکو کارئاسانیی رژێمی پێشوو بۆیان بۆ ئەوە بووە ئەو ناوچەیەی پێ بەعەرەب بکرێت. ئەوەشی کراوە بە سەرژمێری هەژمار ناکرێت."
ئەوە یەکەمین جارە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی کەرکووک پێکبهێنێت. هەندێک زەوییەکانی کەرکووک بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی رژێمی پێشووی عێراق، لە خاوەنەکانیان سەندراونەتەوە. بەشێکیان دەستیان بەسەردا گیراوە و ژمارەیەکیشیان سڕاونەتەوە.
ئێستا ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەکانی کەرکووک و دووزخورماتوو کێشەیان لەسەرە. 300 هەزاریان بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەستی بەسەردا گیراوە. 900 هەزار دۆنمیش بە بڕیاری لیژنەی کاروباری شیمال لەسەر ناوی خاوەنە رەسەنەکانیان سڕاونەتەوە.
لیژنەکەی پەرلەمان لە 6 ئەندامی کورد، 3 عەرەب و 2 تورکمان پێکدێن. لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2020ـدا یەکەم سەردانی مەیدانییان بۆ کەرکووک کرد، کورد و عەرەبەکان بەڵگەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان داوەتە لیژنەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ