رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی چوار مانگە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە دەوام نەکراوە، نوێنەرانی وانەبێژان دەڵێن، بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن نووسراوێک بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەگەر خواستەکانی ئەوانی تێدا نەبێت ناگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
لە 13-09-2023ـەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی 2023 - 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
مامۆستایان چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەن بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن لەو سنوورانە؛ کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، رۆژی شەممە، 06-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێک دەربکات و تێیدا ئاماژە بە جێبەجێکردنی داواکانمان بکات، کە دامەزراندنی وانەبێژان و پلە بەرزکردنەوەی دامەزراوانە."
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان جەختی کردەوە، کە دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بخاتە گفتوگۆی کۆبوونەوەکانی و پەسندی بکات، بەپێچەوانە تەنیا بە نووسراوێکی وەزارەت ناگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە جێبەجێکردنی خواستی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندنی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانی دامەزراو دەدرێت، بەڵام دوای ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکە پەسند بکات، ئەوان لەبەر بەرژەوەندیی قوتابییان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبووەنەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووە، چەند جارێک قوتابییانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان.
مامۆستایان تۆپەکەیان خستووەتە گۆڕەپانی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن، محەممەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی ئەمڕۆ شەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە وەزارەتی پەروەردەوە پێمانگوتراوە، کە ئەم هەفتەیە نووسراوێک بڵاودەکەنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن، ئێمەش چاوەڕوانین بزانین نێوەڕۆکی نووسراوەکە چییە دواتر دەستەی مامۆستایان لەسەری کۆدەبینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین، کە دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن یان نا."
یەکێتی مامۆستایان: ئەگەر خوێندن دەستپێبکات لە 21ـی ئەم مانگەوە دەبێت
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی وەزارەت هیچ بڕیارێکی نەداوە، ئەوەی باس دەکرێت پڕۆژەیەکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەنجوومەنی وەزیرانە دەنگی لەسەر بدات و جێبەجێ بکرێت."
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی، ئەگەر خوێندن لەو سنوورانە دەستپێبکاتەوە کە بایکۆتیان تێدایە لە وەرزی دووەمەوە دەبێت، کە 21ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات. گوتیشی، "هەوڵەکان بۆ ئەوەن ساڵێکی خوێندن نەفەوتێت، ئەگەرنا بەهۆی بایکۆتەوە وەرزێکی خوێندن لەدەستچووە و کەموکورتی لەڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە دروستکردووە."
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە و لە 3ـی ئەم مانگەوە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن بۆ پۆلەکانی 4 بۆ 11ـی دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
لەو سنوورانەی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دووانەکەوتوون.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ