کوردستان
دیمەنی بەفربارین لە ماوەکانی رابردوودا لە پیرمام - هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما لە هەینییەوە تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە، لە بەشێکی ناوچەکان باران و بەشەکەی دیکەش بەفر دەبارێت.
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، "شەپۆلێکی باران و بەفر و بارستە هەوایەکی سارد ئێوارەی هەینی 9ی ئەم مانگە روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تاوەکو شەوی شەممە بەردەوام دەبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانە پێشبینی دەکات؛ "شەپۆلەکە سەرەتا لە پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات، دواتر دەگاتە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "درەنگی شەوی هەینی کاریگەریی شەپۆلەکە زیاد دەکات و لەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە 1200 مەتر زیاترە بەفر دەبارێت. دواتر شەپۆلەکە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین دەگرێتەوە، هەروەها لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا بە شێوەیەکی لاوازتر دەگاتە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو شەپۆلە دوو رۆژییە بەم شێوەیەی خوارەوە بڕی بەفر و بارانی دیاریکردووە:
- دهۆک: 15 ملیمەتر باران دەبارێت
- هەولێر: 10 ملیمەتر باران دەبارێت
- سلێمانی: 8 ملیمەتر باران دەبارێت
- هەڵەبجە: 7 ملیمەتر باران دەبارێت
- کەرکووک: 5 ملیمەتر باران دەبارێت
- کانی ماسێ (پارێزگای دهۆک): 30 بۆ 40 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
- ئامێدی (پارێزگای دهۆک): 20 بۆ 35 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
- حاجی ئۆمەران (پارێزگای هەولێر): 15 بۆ 25 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
- کۆڕەک (پارێزگای هەولێر): 10 بۆ 20 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
- پێنجوێن (پارێزگای سلێمانی): 15 بۆ 20 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
- قەڵادزێ (پارێزگای سلێمانی): 5 بۆ 10 سانتیمەتر بەفر دەبارێت
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ کەشوهەوای ئیدارە سەربەخۆکان کردووە و دەڵێت، "لە ئیدارەی زاخۆ پێشبینی 15 ملیمەتر بارانبارین دەکرێت و ئەگەری بەفربارین هەیە. لە ئیدارەی سۆران 10 ملیمەتر باران دەبارێت و پێشبینی دەکرێت 10 15 سانتیمەتر بەفر ببارێت. لە ئیدارەی راپەڕین 7 ملیمەتر باران دەبارێت و ئەگەری بەفربارین هەیە، لە ئیدارەی گەرمیان 5 ملیمەتر باران دەبارێت."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو هەینی کە شەپۆلەکە دەستپێدەکات، کەشوهەوا جێگیر دەبێت و پلەی گەرما نزیکەی سێ پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکەدا لە هەینییەوە دیسان پلەی گەرما دادەبەزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ