رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ئارایشتگەیەکی خانمان دەست بە سەر چەند نووشتە و جادوویەکدا گیرا. خاوەنەکەی دەڵێت: "کاری من نییە، نازانم چۆن و لە کوێ هاتووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی شوباتی 2025، خاوەنی ئەو ئارایشتگەیە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە هیچ شێوەیەک لە ئارایشتگەی ئێمە نووشتە و جادوو نەکراوە و نەفرۆشراوە، ئەگەر کەسێک هەبێ بڵێ لێرە نووشتەی بۆ کراوە ئەو کاتە من ئامادەم هەموو رێکارێکم بەرامبەر بکرێت."
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو ئارایشتگەیەدا کۆمەڵێک نووشتە و جادوو دۆزراونەتەوە و پابەندی رێنماییەکانی کارکردن نەبووە، بۆیە داومانەتە دادگە."
خاوەنی ئارایشتگەکە دەڵێت، ئەو نووشتەیە زەرفێکی رەشی بچووک بووە و لە پشتی کارتۆنێک شاردرابووەوە، تەنانەت کارمەندەکان وایانزانیوە خواردنی باڵندەی کۆکتێلە، "ئەوە دەستی لە پشتە."
لەبارەی چۆنیەتیی هێنانی ئەو زەرفانە بۆ نێو ئارایشتگەکە، خاوەنەکەی دەڵێت: "لە ماوەی رابردوو دا کارەبای شوێنەکە سووتاوە و کامێرای چاودێری تێکچووە، نازانین چۆن هاتووە، ئەو زەرفە لە شوێنێک دانراوە کە هەر بیرمان بۆی نەچووە".
لەبارەی ئەوەی کە کێ ئەو کارەی کردووە، خاوەنی ئارایشتگەکە دەڵێت: "گومانم لە کەس نییە، کارمەندەکانم سەلماندوویانە و سوێندیان خواردووە کە ئەوان نین، بەڵام من هەر دەیدۆزمەوە".
خاوەنی ئارایشتگەکە دەشڵێت: "ئەو کەسە کە هەواڵەکەی داوە بە لیژنەکان هەر خۆشی ئەو نوشتانەی هێناوە، لە ماوەی رابردوو دووجار هەڕەشەم لێکراوە کە ئارایشتگەکەم دابخەم و پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتیم هەبووە".
قایمقامیهتی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەسەر داخستنی ئارایشتگەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "راپۆرتی لیژنهکە ئاماژهی بەوە كردووه، بههۆی پابهندنهبوون به مهرج و رێنماییهكان و کردنی سیحر و جادوو له شوێنهكهیدا، به فهرمانی قایمقامی سلێمانی (شنه بیووتی) له گهڕهكی بهكرهجۆ داخرا."
قایمقامیهتی سلێمانی رایگەیاندووە، دۆسیەی ئارایشتگەکە رهوانهی دادگە دهكرێت و خاوەنەکەی رووبەڕووی رێكاره یاساییهكان دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ