رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بە فەرمی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەگۆڕدرێت، تەنانەت لە سەرانسەری نەخشە جیهانییەکانیشدا.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، د. محەممەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''دوای کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ واتا لە 19ـی مانگەوە سەرجەم لۆگۆ و تابلۆکانی نێو فڕۆکەخانە، شار و شوێنە گشتییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەگۆڕدرێن.''
بە گوتەی د. محەممەد سابیر، لەدوای 19ـی مانگەوە لە تەواوی نووسراوە فەرمییەکان و نەخشەی فڕۆکەوانیی جیهاندا ناوی فڕۆکەخانەکە دەگۆڕدرێت، تەنانەت لۆگۆیەکی نوێ بۆ دروستکراوە.
بڕیار بوو گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە بە مەراسیمێکی گەورە بکرێت. سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی گوتی: ''بەهۆی جەنگی ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نەتواندرا لە کاتی گۆڕینی ناوەکەدا مەراسیمەکە ساز بکرێت؛ بڕیار بوو هەر 19ـی مانگ بە بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، ناوی فڕۆکەخانەکە بگۆڕدرێت، بەڵام دواخرا، تاوەکو ئاساییبوونەوەی باردۆخەکە".
لە 3-10-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ ''فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.''
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ساڵی 2003 بەردی بناخەی بۆ دانرا و ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ