رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار 6 بارەگا و نووسینگەی حەشدی شەعبی بۆردوومان کران و کوژرا و بریندار هەن.
رۆژی چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە 3 شوێنی نێو شاری کەرکووک و قەزای داقووق، بارەگاکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، یەکێک لە بۆردوومانەکان بارەگای عەسائیبی ئەهلی حەقی لە نێو شاری کەرکووک کردووەتە ئامانج، کە دەکەوێتە نزیک مەڵبەندی یەکێتی و باڵەخانەی کۆنی پارێزگا. هەروەها لە گەڕەکی بەدر بارەگای عەلی بێگ، فەرماندەی فەوجێکی لیوای 63 و لە گەڕەکی تسعینیش ئۆفیسی شەهید ئەبوو مەهدی موهەندیس بۆردوومان کراون. هەروەها لەقەزای داقووشیش بارەگایەکی حەشد بۆردوومانکراوە.
سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، باس لەوە دەکرێت لە بۆردوومانەکەی داقوق سێ چەکداری حەشدی شەعبی بریندار بوونە.
لەلایەکی دیکەوە، لە پارێزگای ئەنبار هێرشەکان چڕ بوونەتەوە. تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قایم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای قایم لە رۆژئاوای ئەنبار بۆردوومان کراوە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی هێرشەکانی ئەنباری بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "کاژێر 4:10ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بارەگای قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە قەزای قایم و بارەگای فەوجی دووەمی لیوای 45 بۆردوومان کراون."
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەی سنووری ئەنبار، 3 چەکداریان کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. تاوەکو ئێستا ئاماری فەرمیی زیانە گیانییەکانی بۆردوومانەکەی کەرکووک بڵاونەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ