رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق نووسراوێک ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داوا دەکات بڕی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینانی عێراق، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 06-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی کە مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق 2014، کەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینارە، لەگەڵ 100 هەزار دیناری دیکە بەناوی بژێوی.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 24-10-2023 بڕیاری دا 100 هەزار دیناری دیکە بدرێتە ئەو خانەنشینانەی کە مووچەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، بەمەش کەمترین مووچەی خانەنشینی لە عێراق گەیشتە 600 هەزار دینار.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو 100 هەزار دینارەی خەرج دەکرد، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ئەو 100 هەزار دینارە بڕاوە.
سۆران عومەر دەڵێت، ئێستا کە مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق دەکرێت، بۆیە دەبێت بەیەک چاو سەیری هەموو خانەنشینان بکرێت و خانەنشینانی هەرێمیش سوودمەند بن لەو 100 هەزار دینارە.
بە گوتەی عومەر، ئەو دوێنێ لەسەر هەمان پرس لەگەڵ سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق قسەی کردووە، بەڵام ئەو پێی راگەیاندووە بڕیارەکە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە و تایبەتە بە خانەنشینانی عێراق.
سەرۆکی دەستەی خانەنشینان پێشنیازی کردووە کە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسە بکرێت بۆ هەموارکردنەوەی بڕیارەکە بە شێوەیەک کە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ