بەنداوی دووکان تەنیا 25٪ ئاوی تێدایە و عێراقیش داوای دەکات

06-05-2025
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان رایگەیاند، بەنداوەكەیان 25% ئاوی تێدا ماوە. دەشڵێت، جگە لە کەمبارانی، داهاتی ئەو ئاوەی ئەم ساڵ بۆیان هاتووە زۆر كەم بووە. حکومەتی عێراق داوا لە ئیدارەی بەنداوەکە دەکات بەردەوام بێت لە بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات.
 
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان، لە پۆدكاستی ‏بەكاتی سلێمانیی رادیۆی رووداودا ‏‏رایگەیاند، رۆژ لە دوای رۆژ ئاوی بەنداوی دووكان كەم دەكات ئێستا رۆژانە ‏دوو سانتیمەتر ئاوی دووكان كەم دەكات.
 
بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەرەکەی ئێستا تەنیا 25٪ـی ئەو بڕەی تێدایە، واتە 1 ملیار و 750 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە. کۆچەر جەمال دەڵێت، "ئەو بڕە ئاوە زۆر کەمە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین."
 
وەك كۆچەر جەمال ئاماژەی پێدەكات، جگە لە كەمبارانی، ئەم ساڵ داهاتی ‏ئاویشیان زۆر كەمبووە، بەجۆرێك كەمترە لە ساڵانی پێشوو، تەنانەت لە ‏وشكەساڵی ساڵانی 2008‌ و 2009 داهاتی ئاو هێندە کەم نەبووە.
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان گوتی: "ئەم ساڵ نزیكەی 220 مللیمەتر باران لە دووكان باریووە، ساڵ هەبووە ‏شتێك زیاتر لەوە باریوە بە نموونە 240 مللیمەتر، بەڵام هیچ ساڵێك ‏هێندەی ئەم ساڵ داهاتی ئاومان كەم نەبووە، واتە ئەو ئاوەی لە دەرەوەی ‏بەنداوەكەوە دێت زۆر كەم بووە".‏
 
ئایا عێراق یاخود هەرێمی ‏كوردستان زیاتر سوود لە بەنداوەكە وەردەگرن؟ ‏بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان دەڵێت: "بۆ کشتوکاڵ عێراق زیاتر لە هەرێمی کوردستان سوود لە ئاوی بەنداوەکە وەردەگرێت، 80%ی ئاوی بەنداوەكە بۆ کشتوکاڵی عێراق ‌و 20%ی بۆ کشتوکاڵی ‏هەرێمی كوردستانە، بەڵام بۆ ئاوی خواردنەوە رێژەكە 50% بە 50% یە.
 
رۆژی دووشەممە، پێنجی ئایاری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی خولی لیژنەی باڵای ئاوی کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکە حکومەتی عێراق پاکێجێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا راگەیاند، لەوانەش پابەندکردنی ئیدارەی بەنداوی دووکان بە بەرنامەی بەردانەوەی ئاو، بەپێی پلانی ناوەندیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
 
سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، کۆچەر جەمال گوتی: "ئێمە بەپێی داتا و لێکدانەوەی زانستی ئاو بەردەدەینەوە نەك لەسەر ‏قسە ‌و داواكاری هیچ كەس ‌و لایەنێك. ئێستا لە هەر چركەیەكدا ‏‏55 مەتر سێجا ئاو بەردەدەینەوە بۆ ئەم قۆناخە ئەوە گونجاوە لە ‏داهاتووشدا بەپێی پێداویستی گۆڕانكاری بەسەر ئەو ژمارەیەدا دێت".
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس و لە عێراقیش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە بەنداوی دووکان وەردەگرن، گرنگ ئەوەیە بۆ ئەم ساڵ ئەو سێ ملیۆن كەسە بێ‌ ئاوی ‏خواردنەوە نابن".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە