رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، کوێخا دێرین رۆژی 4ی ئایار دەستگیر کرا، کەمێک پێش ئێستا بە کەفالەت ئازاد کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دوای چوونە بەردەم دادوەر، کوێخا دێرین ئێوارەی ئەمڕۆ 6ی ئایاری 2025 بە کەفالەت ئازاد کرا.
هاوکات ئەنجوومەنی گەنجانی عوزێری، کە ئەنجوومەنێکی سەر بە عەشیرەتی عوزێرییە، رایگەیاندووە، دێرین عوزێری ئەمڕۆ 6ی ئایار "لەدوای رێکارە یاساییەکان و چوونە بەردەم دادگەی سلێمانی، گەیشتەوە دیوەخانی گەورەی عوزێری لە گەڕەکی کەنەکەوەی خان."
رۆژی دووشەممە 5ی ئایار عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دێرین ئەحمەد محەممەد، ناسراو بە دێرین عوزێری، رۆژی یەکشەممە 4ی ئایار دەستگیرکراوە و دووشەممە خراوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دێرین عوزێری بەپێی مادەی 412 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە.
لە مادەی 412 تایبەتە بە بریندارکردن و ئازارگەیاندنی بە ئەنقەست، کە تێیدا هاتووە:
1- ئەوەی بەئەنقەست دەستدرێژی کردبێتە سەر یەکێک، بەبریندارکردن یان بە لێدان بە تووندوتیژی یان بە پێدانی مادەیەکی زیانبەخش یان بە ھەر کارێکی دیکەی یاساشکێن بۆ روودانی کەمئەندامیی بەردەوام، بە بەندکردن سزادەدرێت، بە مەرجێک لە (15) ساڵ زیاتر نەبێت.
2- بە بەندکردن سزادەدرێت لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر کارەکە کەمئەندامی لێکەوتبێتەوە بێ ئەوەی تاوانکار مەبەستی ئەوە بووبێت ئەو کەمئەندامبوونە رووبدات.
رۆژی 12-02-2024 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بەوەی دوو کەسی ناردووەتە سەر بازرگانێک و برینداریان کردووە؛ ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردووە و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، هاونیشتمانییەکە ناوی ئەحمەد کامیل فەقێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ