رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر ئۆکراینا و ئاشکرای کرد تەنیا شەوی پێنجشەممە، سوپای رووسیا بە 400 درۆن و 40 مووشەک چەندین ناوچەی جیاجیای ئۆکراینای کردووەتە ئامانج.
رۆژی هەینی، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکدا رایگەیاند، رووسیا هێرشێکی فراوانی بە درۆن و مووشەک کردووەتە سەر وڵاتەکەی و لە ئەنجامدا چوار کەس لە شاری کیێڤی پایتەخت کوژران و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون.
هەر لەو پەیامەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس؛ زیلینسکی بە ناڕاستەوخۆ رەخنەی تووندی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت، بەوەی گوشاری زیاتری نەخستووەتە سەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵ و نیویەکە.
سەرۆکی ئۆکراینا نووسیویەتی، "ئەگەر کەسێک گوشار دروست نەکات و کاتی زیاتر بە جەنگ ببەخشێت، تاوەکو ژیانی زیاتری خەڵکی سڤیل لەنێوبچێت؛ ئەوە هاوبەشییە لە تاوان و لێپرسینەوەی لێدەکەوێتەوە. دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کار بکەین."
ئەو هێرشە بەرفراوانە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پووتین و ترەمپ هات لە شەوی چوارشەممە. پووتین بە ترەمپی گوتبوو، تۆڵەی هێرشەکەی ئۆکراینا بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی رووسیا دەکاتەوە.
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کردووە، ئەگەر پووتین کۆتایی بە جەنگەکە نەهێنێت، سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئەمریکا نەیتوانیوە هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی هێرشەکەی شەوی رابردووی رووسیاوە، سیستمی میترۆی شاری کیێڤ راوەستاوە.
لە بەرامبەر هێرشە فراوانەی مۆسکۆ؛ وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی شەوی پێنجشەممە، 174 درۆنی ئۆکرانیای تێکشکاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ