رووداو-هەولێر
هەموو ئەو کەسانەی کە خانووەکانیان بە زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی شارەوانی دروستکراون، چاویان لەوەیە حکومەت و پەرلەمان دەرگایەکیان بەڕوودابکاتەوە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانییان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە گەڕەکەکەیان.
پەرلەمانی کوردستان رۆژی شەممە 6-7-2019 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازیی یاسایی بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانە کرد کە زێدەڕۆییان تێدا کراوە. لە یاساکەدا پێشنیازکراوە ئەو زەوییانەی کە پێش مانگی 2ی 2018 لە سنووری ماستەرپلانی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراون تاپۆ بکرێن.
پێشنیازکراوە بۆ تاپۆکردن لە سەنتەری شارەکان بۆ هەر مەترێک زەوی 60 هەزار دینار وەربگیرێت. لە سنووری قەزاکان 40 هەزار دینار و لە سنووری شارۆچکەکانیش 30 هەزار دینار وەربگیرێت. بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو پێشنیازەیاساکە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و پەسندبکرێت.
سالم قادر، کاسب لە گەڕەکی مامزاوەی هەولێر تاپۆکردنی خانووەکانیان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەپێویست دەزانێ و گوتی: "ئەگەر خانووەکەت تاپۆ بێ و ناوت لە شارەوانی هەبێت، ئەویش مەجبوورە خزمەتگوزاریت بۆ دابینبکات، بەڵام ئێستا هیچ ناوێکمان بە رەسمی نییە، ئێمەش دەمانەوێت خانووەکانمان تاپۆبکرێن".
قەمەر نەجمەدین کە ژنی ماڵەوەیە هەمان داواکاریی هەیە و دەڵێت: "دەخوازین خانووەکانمان تاپۆبکرێت و بەناوی خۆمانەوەبێت، داوادەکەین شەقامەکانمان بۆ چاکبکەن خەڵکی هەژاری زۆرتێدایە با هاوکاری ئەو خەڵکەی بکەن".
تەنیا دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی هەولێر نین، بەڵکو بەگوێرەی بەدواداچوونی شارەوانییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 300 هەزار خانووی زێدەڕۆ لە سنووری شارەوانییەکان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ