رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی مادەی 140 لە پارێزگای نەینەوا 40 هەزار مامەڵەی قەرەبووی ئاوارەکانی وەرگرتووە کە تایبەتن بە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ئەو پارێزگایە.
هەردی خدر، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی 140ی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 40 هەزار مامەڵە پێشکێش کراون بۆ قەرەبووکردنەوە، لەکۆی 52 هەزار دۆسیەی تایبەت بە ئاوارەکان کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە".
23ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە نەینەوا بۆ جارێکی دیکە بەفەرمی کرایەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەکە، سێ مانگە دەستیان بە وەرگرتنی دۆسیە کردووە.
ساڵی 2014 رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر پارێزگای نەینەوا و بەو هۆیەوە ئەو دوو نووسینگەیەی مادەی 140 داخران کە تایبەت بوون بە قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانی و هاووڵاتییە کریستیانەکان لە نەینەوا، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق راگوێزرابوون.
بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140ی نەینەوا رایگەیاند، ئەو دۆسیانەی بەدەستیان گەیشتوون تایبەتن بە ئاوارەکانی شنگال، مەخموور و شێخان و دواى تەواوکردنیان چەکى قەرەبوویان پێدەدریت.
بەگوێرەی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ