پارێزگاری ئیلام: زیاتر لە یەک ملیۆن زیارەتکار بە دەروازەی سنووریی مێهراندا تێپەڕیون

06-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن زیارەتکاری شیعە لە دەروازە سنووریی مێهرانەوە رۆیشتوون. پارێزگاری ئیلامیش دەڵێت، دەروازەکە لەڕووی هاتووچۆی زیارەتکارانەوە بە پلەی یەکەم دێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025 ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری تایبەت بەو زیارەتکارانەی خستەڕوو کە لە مانگی موحەڕەم و سەفەر، بە دەروازەی سنووریی مێهراندا هاتووچۆیان کردووە.
 
کەرەمی رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن زیارەتکاری شیعە لە دەروازە سنووریی مێهرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
پارێزگاری ئیلام گوتی، لە کاژێر 12:00ی شەوی رابردووەوە تاوەکو کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ 99 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکەوە هاتووچۆیان کردووە، کە 83 هەزار کەسیان لە ئێران چوونەتە دەرەوە و 16 هەزار کەسیش چوونەتە نێو خاکی ئێران.
 
بە گوتەی کەرەمی، ئەم ساڵ ئامادەکارییەکی باشتر بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی زیارەتکارانی شیعە کراوە، هەموو فەرمانگە و دەزگە پەیوەندیدارەکان لە دۆخی ئامادەییدان و لە 24 کاژێری رۆژدا چالاکن.
 
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکانی شیعەکان دەناسرێت و ساڵانە بە سەدان هەزار زیارەتکار لە وڵاتانی ئێران، ئەفغانستان، پاکستان، ئازەبایجان و وڵاتانی دیکەی قەوقازەوە بۆ سەردانکردنی مەزارگەکانی ئیمام عەلی و ئیمام حوسێن لە نەجەف و کەربەلا، سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن.
 
لە هەموو پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەروازەوی سنووریی تایبەت دەستنیشان کراون بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە. لە پارێزگای ورمێ، دەروازەی سنووریی حاجی عومەران، لە سنە، دەروازە سنوویی باشماخ، لە کرماشان دەروازەی سنووریی خوسرەوی، لە ئیلام دەروازەی سنووریی مێهران و لە خوزستان دەروازەی سنووریی چەذابە دەستنیشان کراوە. 
 
دەروازەی سنووریی میهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی زڕباتیەیە کە بەهۆی نزیکی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکاری ئێرانی و بیانی هاتووچۆی پێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.