رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دامەزراندنی 130 کەس لە تەندروستیی هەڵەبجە بە شێوەی گرێبەست رایگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەو کەسانە لە رێگەی سیستمی ئەلکترۆنی بووە، بۆ ئەوەی بە شەفافی پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، ئەو 130 کەسەش تاوەکو ئێستا دانەمەزرێنراون بەڵکو بەربژێرکراون."
رۆژی سێشەممە 6-9-2022، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ رێکخراوی هێڤی بە سپۆنسەری ئیتاڵیا بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەندروستی واژۆ کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دامەزراندنی 130 کەس لە هەڵەبجە رایگەیاند: "سەرەتا نەخۆشخانەی بیارە پێویستی بە 30 کارمەندی تەندروستی بوو بە ناونیشانی جیاواز، هەروەها بۆ ناوشار و دامودەزگا تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەش، ژمارەیەکی دیکە پێویست بوو، لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە گفتوگۆمان کرد و پێشنیازی ئەوانمان پێ باشبوو کە داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکەین ژمارەیەکی دیکە بۆ هەموو سنوورەکە زیادبکەین، بۆیە بڕیاردرا 100 کەسی دیکە زیادبکرێت و بوون بە 130 کەس."
رۆژی سێشەممە 30-08-2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ناوی بەربژێرانی بۆ دامەزراندنی میلاكی پێویستی نەخۆشخانەی بیارە و دامەزراوە تەندروستییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە راگەیاند؛ کە ژمارەیان 130 کەسە، ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە دەرچووانی دانەمەزراوی لێکەوتەوە.
وەزیری تەندروستی لەو بارەوە گوتی: "بۆ یەکەمجارە لە بواری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی زۆر شەفافانە [بەڕێوەبچێت] و بەئاشکرا رەنگدانەوەی هەبوو، لە رێگەی سیستمی ئۆنلاین هەموو پێوەرەکان دانران و پێشکێشکاران توانییان ناویان تۆماربکەن، دەرئەنجام هەزار و 751 پێشکێشکار ناوی تۆمارکردبوو لەو ژمارەیە تەنیا 130 کەس بەربژێرکران."
لەبارەی دامەزراندنی ئەو 130 کەسە گوتی: " ئەوانە بە گرێبەست دانەمەزراون، بەڵکو بەربژێر کراون لە رێگەی لیژنەی باڵا لە وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەمان هەیە و لە نزیکەوە پێداچوونەوە دەکەین بۆ ئەو کەسانەی کە بەربژێرن بۆ دامەزراندن."
رۆژانی 30-8 و 1-9-ی 2022، نوێنەرایەتیی دەرچووانی دانەمەزراوی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند: "پڕۆسەکە ناشەفاف بووە، سەرەتا راگەیێندرابوو کە 30 کەس بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی و نەخۆشخانەی بیارە دادەمەزرێندرێن، بەڵام لە کاتی راگەیاندنی ناوەکان 130 کەس راگەیێندراوە. هاوکات پێوەر و خاڵبەندی لەو پرۆسەیە دیار نییە، بەشێک لەو بەربژێرکراوانەی ناویان دەرچووە لە کەرتی تایبەت، گرێبەستن؛ بەشێکیان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵاتن، بەشێکیشیان دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە نین."
وەزیری تەندروستی لەبارەی هەڵبژاردنی سیستمێکی ئەلکترۆنی بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک لەو دەرچووانە گوتی: "ئێمە کە بڕیارماندا لە رێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنی بێت و بۆ ئەوە بوو غەدر نەکرێت و غەدر قبووڵ ناکەین و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی بووە، هەر کەسێکیش سکاڵای هەیە دەتوانێت لە رێگەی هەمان سیستم سکاڵا بکات، ئەگەر هەر ناهاوسەنگییەک هەبێت پێداچوونەوە دەکەین."
رۆژی 1-9-2022، د. مەعاف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە سیستمێکی ئەلکترۆنیمان دانابوو، کە 50 مەرجی وەک خاڵبەندی تێدا بوو، بەشێک لە مەرجەکان هاوسەرگیری و خۆبەخشی بوون کە نمرەی لەسەر دانرابوو، ساڵی دەرچوون و خەڵکی هەڵەبجەش بێت، دەرئەنجام نزیکەی 2000 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، لەنێو ئەو ناوانە، 130 کەس بەگوێرەی ئەو خاڵبەندییانەی دیاریکرابوون، هەڵبژێردران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ