رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکرا، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت: "پابەندبوونی خۆمان بە یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ئەمریکا کە گەشت دەکەن یان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بە جیدی وەردەگرین." دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "مەشقی بە هێزی نایاسایی کردووە."
رۆژی هەینی 05-09-2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند: "بۆ وەزارەتی دەرەوە لە پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکا، هیچ شتێکی دیکەی لەپێشتر نییە. ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ئەمریکا کە گەشت دەکەن یان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بە جیدی وەردەگرین. بە هۆی پاراستنی نهێنی و هۆکارەکانی دیکە، هیچ زانیارییەکی زیادەمان بۆ بڵاوکردنەوە نییە."
ئەو ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکراوە ناوی برایان ویڵسن-ـە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، 5-9-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن لە شەوی رووداوەکەی لالەزاردا لە 22-08-2025 دەستگیرکراوە."
گوتەبێژی دەزگەی ئاسایش گوتیشی: "پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دووپشک)."
بە گوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق: "برایان ویڵسن وەک کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت."
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و زیاتر لە 150 ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ