بەشێکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی مافی مرۆڤ راگەیێندراوێکی دەستەکە لەبارەی لالەزار رەتدەکەنەوە

06-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگەنادەن دەستگیرکراوانی لالەزار ببینن و لە بێسەروشوێنان بپرسن. ئەمڕۆ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەستەکە راگەیێندراوەکەی دوێنێیان رەتکردەوە.
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە 5 ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بەڕێوەبردن و سەرۆک پێکهاتووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سێ ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن و دووانەکەی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە دوو ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی مافی مرۆڤ لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، هاتووە، "شەوی رابردوو راگەیێندراوێک بەناوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بڵاوکرایەوە لەسەر رووداوەکانی لالەزار و کەیسی ئارام قادر، هەرچەندە ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە ناوەڕۆکەکەی رەت دەکەینەوە و بە هەڵوێستێکی سیاسی دیزاینکراوی دەزانین، چەندین جاری دیکە سەرنج و تێبینیمان هەبووە لەسەر ئەو جۆرە هەڵوێست و پەیامانەی دەستەکە کە نە ئاگامان لێیان بووە و نە پرسمان پێکراوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی ناوی دەستەکەمان هیچ هەڵوێستمان نەنواندووە و هەموو جارێک داوای چارەسەرمان کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا دوو خاڵ خراونەتەڕوو:
 
1- سەبارەت بە سەردانکردنی ئارام قادر لە هەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی کەسوکاری ناوبراو سەردانی دەستەیان کرد، داوایان کرد دەستە بەدواداچوون بکات، ئێمە پەیوەندیمان بە لایەنی پەیوەندیدارەوە کرد و بە سوپاسەوە وەڵامیان داینەوە، کە لەم هەفتەیەی بێتەوە ئەو دەرفەتەمان بۆ رێکدەخەن و بڕیارە رۆژی یەکشەممە بۆ کاتەکەی وەڵاممان بدەنەوە. بەڵام نازانین پەلەی بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە بەو پشووە و رۆژی هەینییە مانای چی بوو.
 
2- سەبارەت بە دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار، هەموو لایەک ئاگادارن، ئێمە یەکەم تیم بووین وەکو دەستە سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانمان کرد و هەر لە رێگەی ئێمەشەوە، ئاسایشی گشتیی سلێمانی ئاسانکاریی کرد بۆ سەردانیکردنی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان، بەردەوامیش لەسەر خەت بووین بۆ سۆراخکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەموویان، هیچ رێگرییەک نەبووە بۆ کارەکانمان. بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە هەموو ئاسانکارییەک بکرێ، بەڵام دیسان نەیانهیشت بگاتە یەکشەممە وەک ئەوەی پێیان گوترابێت، دەبێت هەر ئەم شەو ئەو بەیاننامەیەی کە ئامادە کراوە بڵاوبکرێتەوە، سەرباری ئەوەی گفتۆگۆی زۆر کرا بۆ دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە تاوەکو رۆژی یەکشەممە کە دەوامی فەرمییە، بەڵام دیارە بڕیاری پێش وەختە بووە.
 
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێن، "دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین؛ ئێمە وەک بەشیک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی دەستە، ئەو پەیامەی بەناوی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، رەت دەکەینەوە و دەڵێین: بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوونی هەموو دەستە ناکات، تەنیا رای لایەنێکی سیاسییە کە ناوی دەستە بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکاردەهێنن."
 
ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەی مافی مرۆڤ پێچەوانەی راگەیێندراوی دەستەکەیان دەڵێن: "ئێمە دەڵێین لایەنە ئەمنییەکانی سلێمانی لە رۆژی یەکەمی رووداوەکەی لالەزار و بابەتەکانی دیکەش هاوکار بوون، دەبوو دەستە رەچاوی ئەوەی بکردبایە ئەو کەیسە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە و نابێت پەلەی تێدا بکرێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە