رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپی کابارتۆی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی لە سنووری پارێزگای دهۆک، تەلبەندی کەمپەکە تەندراوە بە وێنەی بەربژێرەکان، کە ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی دەنگی کوردانی ئێزدی دەکەن. بەشێک لە دانیشتووانی ئەو کەمپە لە هەڵبژاردن بێهیوابوون و دەڵێن، باوەڕیان بە بەربژێرەکان نەماوە.
وێڕای ئەوەش دانیشتووانی ئەو کەمپە داوادەکەن هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی بتوانن نوێنەری رازی دڵی خۆیان هەڵبژێرن. لەدوای هاتنی داعش لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا، زۆربەی کوردانی ئێزدی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە سنووری شنگال و هەر لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.
بڕیارە رۆژی هەینی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت، تێیدا ئاوارەکانی نێو کەمپەکان دەنگ دەدەن، کە زیاتر لە 120 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە. لە عێراق 28 کەمپی ئاوارەکان هەن، کە 26یان لە هەرێمی کوردستانن و ناوەندی دەنگدانیش بۆ ئاوارەکان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکرێنەوە.
لە هەرێمی کوردستان 926 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، زیاتر لە 664 هەزاریان ئاوارەی نێوخۆیین. 117 هەزار ئاوارە لە 59 بنکەی دەنگدان لەناو کەمپەکان دەتوانن دەبنگ بدەن.
لە هەردوو کەمپی کابارتۆی یەک و دوو-ش، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سێمێل، چوار هەزار و 600 خێزان هەن، کە لە نزیکەی 23 هەزار کەس پێکهاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ