رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی بازرگانی و نوێنەری چەندین کۆمپانیای ئەڵمانیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە رۆژی چوارشەممە دیدار و کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکات.
عەبدولخالق محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 03-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکە لە نزیکەی 30 کەس پێکدێت کە نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی ئەڵمانیا و چەندین کۆمپانیای گەورەی ئەو وڵاتەن، لەنێویاندا کۆمپانیای سیمنس.
شاندەکە دوو رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و بازرگانان.
عەبدولخالق محەممەد گوتی، "بڕیارە سبەی کاژێر 8:45ی بەیانی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆببنەوە، هەروەها دواتر کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان، کارەبا، دەستەی وەبەرهێنان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەبێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئامانجی سەردانی شاندەکە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە و "هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ