لە کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمانچە دروست دەکرێت و هەناردەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت

07-10-2025
سینا سۆما
کارگەکە چەندین جۆری کەمانچە دروست دەکات.
کارگەکە چەندین جۆری کەمانچە دروست دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کارگەیەکی دروستکردنی کەمانچە هەیە. چەند کەسێک حەز و خۆشەویستییان بۆ هونەر، کۆی کردوونەتەوە و رۆژانە خەریکی دروستکردنی ئامێری میوزیکن.
 
فەردین سەفاریپوور، خاوەنی کارگەکەیە و دەڵێت،"لە سەرەتای کارەکەماندا، چێوەکان لە نێو ئاودا تەڕ دەکەین بۆ ماوەی یەک دوو کاژێر. دوای ئەوە بە قاڵبێک دەیانچەمێنین، دواتر دانە دانە لێکیان دەدەینەوە. دواتر کە ئەم کارە کۆتایی پێهات، لەسەر ئەم ئامێرە کە پێی دەڵێن خەراتیل، خرتی دەکەینەوە. دوای ئەوەی کارەکەمان خرت کرد، کاسەکە دەلکێنن بە دەستەی سازەکانەوە کە لەوبەر هەن. دوای پەرداختکردنی، رەنگ دەکەین و پێستی سازەکە دەخەینە سەر و سیمەکان لێ زیاد دەکەین."
 
هونەرمەند فەردین سەفاریپوور، 24 ساڵە خەریکی دروستکردنی ئامێری کەمانچەیە و لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەستایەکی ناودارە.
 
ژەنیاری کەمانچەشە و لەگەڵ زۆر هونەرمەندی ناوداری کورد و ئێرانی کاری کردووە.
 
فەردین سەفاریپوور ئاماژە بەوە دەدات، "ماوەی هەشت ساڵ لە تاران کارگەی دروستکردنی کەمانچەم هەبوو، دواتر هاتم بۆ کامێران و لە کامێران دەستمان کرد بە کار و کارەکەمان پەرەپێدا بەم شێوازە. ئێستا چوار هاوکار لەگەڵماندا کار دەکەن، ئەوانیش هەر کامیان بە شێوازێک کار دەکەن."
 
پیشەی دروستکردنی ئامێری میوزیک لەناو کورددا مێژوویەکی کۆنی هەیە.
 
دروستکردنی ئامێری کەمانچە پێویستی بە وردەکاری و شارەزاییەکی زۆرە. بۆ ئەوەی تەمەن و کوالێتی سازەکان باشتربێت، لە دروستکردنیدا زیاتر داری توو یان گوێز بەکاردەهێنن.
 
ئازاد فەتحی، وەستای دروستکردنی کەمانچەیە و باس لەوە دەکات، "ماوەی 7 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کاسەی کەمانچەم و 7 ساڵە شاگردی مامۆستا فەردین سەفاریپوورم. سوپاس بۆ خودا ئێمە لێرە چوار کەسین و لە کارگەیەکی 130 مەتریدا کار دەکەین . من لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە کاری دارتاشی بوو، هەر لە منداڵییەوە دەستم پێکرد و لەم 7 ساڵەدا بەشێوەیەکی زۆر جیدی خەریکی دروستکردنی کاسەی کەمانچەم و بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ کار دەکەین."
 
لە کارگەکەدا چەندین جۆر ئامێری کەمانچە دروست دەکرێن وەکو کەمانچەی 80 تەرکە، کەمانچەی کولەکەیی و کەمانچەی لوڕی.
 
هەروەها بۆ منداڵان و فێرخوازانی میوزیکیش، چەندین جۆری تایبەتی کەمانچە دروست دەکرێن.
 
هاورێ قەڵعە، ژەنیار و شاگردی کارگەکەیە و دەڵێت، "ئامانجم لە کارکردن لەم کارگەیەدا ئەوەیە، لەبەر ئەوەی من ژەنیاری کەمانچەم، پێویستە هەموو پارچەکان و تایبەتمەندییەکانی ئامێری کەمانچە بناسم."
 
پەردیس ئیمامی، یەکێکی دیکەیە لە شاگردەکانی کارگەکە و دەڵێت،  "یەکەم جار کاتێک کەشوهەوای کارەکەم دیت، لەوە ترسام کە دەتوانم ئەم کارە بکەم یان نا، بەڵام خۆشبەختانە باش چووە پێش ."
 
جگە لە بازاری نێوخۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کەمانچە دروستکراوەکانی کارگەکەی کامێران بۆ ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا لەوانەش بۆ هۆڵەندا و ئەڵمانیا، هەروەها بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستانیش هەناردە دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە