رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی ژینگەوە بەڵگەنامەی بەشدارییە نیشتمانییە دیاریکراوەکانی لە کۆنفرانسی کۆپ 30 کە رۆژی 10 تا 21ی مانگی رابردوو لە بەرازیل بەڕێوەچوو، رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.
بەڵگەنامەکە داتاکانی لە ساڵی 2025دا نوێکراونەتەوە و وەک پێناسەی ژینگە و کەشوهەوای عێراق و هەر وڵاتێکی دیکە دەناسرێ. وێنەیەکی بەڵگەنامەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و زانیارییەکانی نێوی وەک نەخشەڕێگە بۆ دەیەی داهاتوو دادەنرێن.
ئەم بەڵگەنامەیە باس لەوە دەکات، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی زۆر لە ژێر کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە. راپۆرتەکە وێنەیەکی تاریک بۆ داهاتووی ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکێشێت و تێچووی رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەش بە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.
دیمەنە گشتییەکە: عێراق بەرەو گەرمبوون دەچێت
بەڵگەنامەکە عێراق وەک یەکێک لە وڵاتە هەرە زیانلێکەوتووەکانی جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دەناسێنێت و وردەکارییەکەی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
- پلەی گەرما: پێشبینی دەکرێ تا ساڵی 2050، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە 2 پلەی سیلیزی بەرز ببێتەوە. ئێستا هەندێ جار پلەی گەرمی لە هاویندا 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت.
- ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێ تاوەکو ساڵی 2035، جیاوازی لە نێوان "خواست" و "توانای دابینکردنی" ئاو بگاتە 10.9 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا.
- خۆڵبارین: پێشبینی دەکرێ تاوەکو ساڵی 2030، ژمارەی رۆژەکانی خۆڵبارین لە 100 رۆژەوە بۆ 300 رۆژ لە ساڵێکدا بەرز ببنەوە.
- بەبیابانبوون: 39٪ی خاکی عێراق بەبیابان بووە و 54%ی زەوییە کشتوکاڵییەکان رووبەڕووی مەترسیی سوێربوون بوونەتەوە.
دۆخی ژینگە و کەشوهەوای هەرێمی کوردستان:
راپۆرتەکە بە وردی باسی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەم مەترسی و گۆڕانکارییانەی خستوونەتەڕوو:
- کەمبوونەوەی بەفر و باران: بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 9% کەمی کردووە و دەڵێ: "دابەزینی ئاستی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا مەترسییەکی گەورەیە، چونکە بەفر سەرچاوەی سەرەکیی پڕکردنەوەی رووبار و کانیاوەکانە."
- دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی: لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی ژێر زەوی ساڵانە نزیکەی 2.6 مەتر دادەبەزێ.
- مەترسیی لەسەر دارستانەکان: دارستانەکانی بەڕوو لە چیاکانی زاگرۆس کە بڕبڕەی پشتی ئیکۆسیستمی ناوچەکەن، رووبەڕووی لەنێوچوون بوونەتەوە و "ئامارەکان دەریدەخەن رووبەری سوتاوی دارستانەکان ساڵانە بە بڕی 71.7 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیادی کردووە (بەراوردەکە لەنێوان ساڵی 2000 و 2019یە.)
- لافاو: گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوی لەناکاو و وێرانکەر. بەڵگەنامەکە ئاماژە بە لافاوەکەی هەولێر و دەوروبەری لە ئاداری 2024 دەکات وەک نموونەیەک بۆ زیادبوونی دیاردە مەترسیدارەکانی کەشوهەوا ناوی بردووە.
- تێکچوونی ژیانی گوندنشینان: وشکبوونی کانیاوەکان و تێکچوونی دۆخی ژینگە بووەتەهۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکان کۆچ بکەن، چونکە ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە.
کاریگەرییە ئابووری و تەندروستییەکان
بەڵگەنامەکە زیانەکان بە ژمارە دەخاتەڕوو:
- زیانی ساڵانە: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ساڵانە نزیکەی 5 ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی عێراق دەگەیێنن.
- کۆچکردن: لەنێوان ساڵی 2016 و 2023، نزیکەی 130,000 کەس لە ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە زێد و ماڵەکانیان جێهێشتووە.
- تەندروستی: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و خۆڵبارین بووەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییەکانی هەناسە، دڵ و گوشاری دەروونی و "پێشبینی دەکرێ گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە 8 بەرامبەر بێت."
پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا (2025-2035(sad)
حکومەتی عێراق لەم بەڵگەنامەیەدا پابەندبوونی خۆی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە راگەیاندووە:
کەمکردنەوەی دەرچوونی گاز: حکومەتی عێراق رایگەیاندووە کە ئامانجی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2035 بە رێژەی 22% دەردانی گازە زیانبەخشەکان کەم بکرێتەوە (5%ی بە هەوڵی نێوخۆیی و 17%ی بە مەرجی هاوکاریی نێودەوڵەتی)
کەرتی وزە:
- کۆتاییهێنان بە "سووتاندنی گازی هاوەڵ تاوەکو ساڵی 2030.
- بەرهەمهێنانی 12 گێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر و وزە نوێبووەوەکان.
کشتوکاڵ و ئاو:
- بەهێزکردنی سیستمی ئاودێریی مۆدێرن (دڵۆپە و پرژاندن)
- پشتێنەی سەوز بۆ کەمکردنەوەی خۆڵبارین.
- دروستکردنی بەنداوی بچووک و گۆمی دەستکرد بۆ گلدانەوەی ئاو.
جێبەجێکردنی ئەم پلانانە تاوەکو ساڵی 2035 پێویستی بە 72.2 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ