مانگی سووری کوردی: نەخۆشخانەکانی حەلەب تەنیا 20٪ـی توانای کارکردنیان ماوە

07-01-2026
شیراز رەئوف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی رایدەگەیێنێت، دۆخی مرۆیی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب "زۆر مەترسیدارە"؛ گەورەترین نەخۆشخانەی ناوچەکە بۆردوومان کراوە و نەخۆشخانەکانی دیکەش تەنیا 20٪ـی توانای کارکردنیان ماوە.
 
هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری کوردی لە ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاریی وردی لەبارەی دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە خستەڕوو.
 
سەبارەت بە دۆخی نەخۆشخانەکان، هەدیە عەبدوڵڵا گوتی: "لەو ناوچەیە 5 نەخۆشخانە هەن، گەورەترین نەخۆشخانە بەناوی (عوسمان) کراوەتە ئامانج و بۆمبی بەرکەوتووە."
 
گوتیشی: "بەهۆی نەبوونی کارەبا و سووتەمەنییەوە نەخۆشخانەکان ناتوانن 20٪ـی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دابین بکەن، هاوکات قەیرانی دەرمان هەیە و کەمتر لە 40٪ـی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لەبەردەست ماوە."
 
هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 7 کەس کوژراون و تەنیا تیمەکانی ئەوان 54 برینداریان گواستووەتەوە کە سەرجەمیان سڤیلن و ژن و منداڵیان تێدایە. باسی لەوەش کرد: "گرووپە چەکدارەکان رێگە نادەن تیمە فریاگوزارییەکان بەهانای بریندارانەوە بچن."
 
دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی هاوکاری، هەدیە عەبدوڵڵا گوتی: "داوای هاوکاریمان لە مانگی سووری عەرەبی کردووە، بەڵام بەهۆی چڕیی بۆردومانەکان و مەترسی لەسەر ژیانیان، ئامادە نین تیمەکانیان بنێرنە ناوچەکە."
 
بە گوێرەی لێدوانی هەدیە عەبدوڵڵا، ئەوان 10 بنکەی تەندروستییان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە جێگیر کردووە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندار و سەختیی برینەکانیان کە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، ئەو بنکانە توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نییە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەوانەی ونببوو

لە هۆڵەندا 17 کۆچبەر لەنێو بارهەڵگرێکدا دەستگیرکران کە زۆربەیان کوردن

کچێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی بە نایاسایی چووەتە هۆڵەندا ماوەی سێ رۆژ بوو دیار نەبوو، چالاکڤانێکی بواری کۆچبەران دەڵێت: ئەو کچە لەگەڵ 16 کۆچبەری دیکە لەلایەن پۆلیسی هۆڵەنداوە دەستگیرکراون.