ئاسایشی حەلەب: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی وەحشیگەرانە دەکەن

دوێنێ کاژێر 11:56
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب نوێترین زانیاری لەسەر هێرشەکان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە پەرەپێدانی هێرشە سەربازییە "وەحشیگەرانەکانیان" بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە بارەی دۆخی حەلەب رایگەیاند، "گرووپەکانی سەر بە حکومەت، بەتایبەتی میلیشیاکانی عەمشات و حەمزات، پەرەیان بە هێرشەکانیان داوە. لەو چوارچێوەیەشدا ماڵێکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی شقێف بە دوو مووشەک کردووەتە ئامانج و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەروەها، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکراوەتە سەر بازاڕی گەڕەکی رۆژئاوا، وەک بەردەوامییەک بۆ بەئامانجگرتنی ناوچە نیشتەجێبووەکان."
 
هێزەکانی ئاسایش لە "روونکردنەوەیەکدا" بۆ رای گشتی رایگەیاند: "هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هێورکردنەوە دەکەن دوورن لە راستییەوە و دەچنە چوارچێوەی چەواشەکاریی بەمەبەست و هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی."
 
ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئاگربەست، "داپۆشینی ئەو تاوانانەیە کە گرووپەکانی دیمەشق دەیکەن." هۆشداریشی داوە کە "گرووپەکانی حکومەتی دیمەشق سوورن لەسەر هەڵکشانی سەربازی و ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشێکی بەرفراوان لە چەند کاژێری داهاتوودا." تاوەکو ئێستاش ئاسایش رایگەیاندووە کە "چوار هێرشی لەدوای یەکیان بە تانک و زرێپۆش تێکشکاندووە."
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ یەکەمجار زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەیەکی رۆژی 4ـی ئەم مانگە (کانوونی دووەم) بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشق لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا کۆبووەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی کوردی داوای کردووە رێگە بە تانکەرەکانی سووتەمەنی بدرێت بچنە نێو گەڕەکەکان، بەڵام وەزیری بەرگریی سووریا رەتیکردووەتەوە و بە بیانووی "بەکارهێنانی بۆ مەرامی سەربازی" گوتوویەتی: "لە گەمارۆدانی گەڕەکەکان بەردەوام دەبین."
 
ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، نەخۆشخانەی (عوسمان) لە ئەشرەفییە بەهۆی تۆپبارانەوە بەتەواوی لەکار کەوتووە و ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 54 کەس. هەروەها رێکخراوەکانی وەک مانگی سوور و خاچی سوور نەیانتوانیوە بریندارە سەختەکان بگوازنەوە.
 
تاوەکو ئێستا ناوی شەش کەس کە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا کراوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەوانیش: (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایق عەبدۆ، خورشید عومەر (13 ساڵ)، شام دلۆ (3 ساڵ)، حەسەن محەممەد حەسەن و ژنێکی نەناسراو).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە