رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شێخ مەقسوود دەڵێ، گرووپە چەکدارەکان بە 13 تانک بەرەو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رۆیشتوون. رۆژنامەڤانێکیش ئاماژە بەوە دەکات، ''ئەگەر ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان وەڵامی تۆپباران بداتەوە، ئەگەری هێرشی دووبارەی گرووپە چەکدارەکان هەیە.
لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریاوە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەردەوامە. ئەمڕۆ چوارشەممە 07-01-2026، ژمارەیەک چالاکڤان و خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لەکاتی بەشداریکردنیان لە کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکیشیکرد، تیشکیان خستە سەر دۆخی گەڕەکەکان.
''گرووپە چەکدارەکان بە 13 تانک بەرەو گەڕەکە کوردنشینەکان رۆیشتن''
بەشێک لە دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گەڕەکەکانیان جێهێشتووە و بەرەو عەفرین رۆیشتوون. سوار عەفرین، یەکێک لەو کۆچبەرانەی ئەشرەفییەی جێهێشتووە رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش هێرشەکانی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە، ''لە کاژێر 15:00ـوە رێگەکان داخران و تۆپباران دەستیپێکرد.''
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، لەکاتی رۆیشتنی بەرەو عەفرین بینیویەتی کە گرووپە چەکدارەکان بە 13 تانک بەرەو گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەچن.
سوار عەفرین ئاماژەی بەوەش کرد، گەرەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە تەواوی چۆڵ نەبوون، ''بەڵام لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریاوە هەڕەشە لە خەڵک دەکرێ بۆ ئەوەی ماڵەکانیان جێبهێڵن، ئەوانەی کە ماون بە ترسەوە دەژین و دەڵێن ئەمشەو هێرشێکی بەرفراوانیان دەکرێتە سەر.''
''هێزێکی زۆر لە دەوری گەڕەکەکان جێگیرکراون''
هاوکات رزگار ئۆسۆ، خوێندکارێکی کوردە لە شێخ مەقسوود و بە رووداوی گوت، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، بە شێوەیەکی ''دڕندانە'' هێرشکراوەتە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و، هێزێکی زۆر لە دەوروبەری گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب جێگیرکراون.
بەگوتەی ئەو خوێندکارە، زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیلە و ''لەو دوو رۆژەدا، زیاتر لە 50 کەس بریندار بوون کە منداڵی تەمەن دوو ساڵ و سێ ساڵیان تێدایە. هەروەها لەنێو کوژراواندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان هەیە''.
رزگار ئۆسۆ ئەوەشی خستەڕوو، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بە تانک، تۆپ و چەکی قورس هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و گەڕەکە کوردنشینەکان، ''لە دوێنێ شەوەوە، زیاتر لە 300 ماڵ تۆپباران کراون.''
ئەو خوێندکارە کوردە دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان جیا لە تانک و چەکی قورس بە درۆنی بۆمبڕێژکراویش بە شێوەیەکی ''هەڕەمەکی'' هێرش دەکەنە سەر شوێنە گشتییەکانی و خەڵکی سڤیل. ''ئێستا کە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم دەنگی تۆپبارانی تانکەکان دەبیسترێت و هێرش بەردەوامە''.
''ئەگەری هێرشی دووبارە هەیە''
زاگرۆس، رۆژنامەڤانە و لە گەڕەکی شێخ مەقسوودەوە قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، 15 خولەک بەر لەوەی قسە بۆ رووداو بکات، تۆپباران لە چەند شوێنێکی گەڕەکە کوردنشینەکان هەبوو، بەڵام زیانی گیانیان لێنەکەوتووەتەوە.
زاگرۆس دەڵێت، لەکاتی هێرشەکەدا هێزەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریای بینیوە کە تانکەکانیان دەوری گەڕەکەکانیان داوە و ناوە ناوە هێرش دەکەن.
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، ئەگەری هێرشی دووبارەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەیە، ''ئەگەر هەڤاڵان (ئاسایشی ناوخۆ) وەڵام بدەنەوە، بەڵام ئەگەر هیچ وەڵامێکیان نەبێ شەڕ دروست نابێتەوە.''
بەگوتەی زاگرۆس، سەرەڕای هێرشی گرووپە چەکدارەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەڵام نادەنەوە، بۆ ئەوەی شەڕ دەستپێنەکاتەوە.
حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رایگەیاندووە کە خەڵک دەیانەوێت گەڕەکەکان چۆڵ بکەن، بەڵام هێزە کوردییەکان رێگەیان پێنادەن. زاگرۆس گوتی: ''ئەو بابەتە راست نییە. گرووپە چەکدارەکان کە دەوری شێخ منەقسوود و ئەشرەفییەیان دابوو، مۆڵەتیان بە خەڵک دا کە تاوەکو کاژێر 15:00 گەڕەکەکان چۆڵ بکەن، بەڵام دواتر [خۆیان] رێگەکانیان داخست و خەڵک نەیانتوانی دەربچن، تەنانەت رێگەی عەفرینیش نەبوو و تەنیا هەندێک دەرچوون.''
ئەو رۆژنامەڤانە گوتی، کاژێرێک لەمەوپێش لە بەنی زەیدەوە گرووپە چەکدارەکان هەوڵی هێرشیان دا، بەڵام لە ئەنجامدا تانکێکیان تێکشکێنرا و چەندین کەسیان لێ کوژرا، بەڵام کوژراوەکانیان برد و کشانەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ