ئەنەکەسە دەڵێت بە 'روانگەیەکی نوێ' کاری سیاسی دەکات

07-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە.
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردیی سووریا (ئەنەکەسە)، دوای کشانەوەی لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، بە "روانگەیەکی نوێوە" کاری سیاسی دەکات، بە جۆرێک "لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستا بگونجێت". گوتەبێژەکەیشی بە رووداوی راگەیاند، کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە واتای دژایەتیکردنی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق نایەت و لەسەر داواکاریی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستانی و وڵاتی بیانیش ئەو هەنگاوەی نەناوە. 
 
هاوپەیمانییە کوردستانییەکە لەو هێزانە پێکدێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن. 
 
هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ساڵێک دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا پێکهێندرا بۆ ئەوەی رووبەڕووی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ببێتەوە، کە 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە هێرشێک بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کۆتایی پێ هێنرا. 
 
ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "دوای رووخان و لەنێوچوونی رژێمی دیکتاتۆری خوێنمژ و کۆتاییهاتنی رۆڵی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن و دەستەی دانوستاندن، ئیدی ئەنەکەسە کشانەوەی خۆی رادەگەیێنێت. ئەنەکە جەخت لە بەرەوپێشبردنی کاری سیاسی بە روانگەیەکی نوێ دەکاتەوە بە جۆرێک لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستا بگونجێت". 
 
ئەنەکەسە دەڵێت: "لەبارەی داهاتووی سووریا و دەستەبەرکردنی مافی گەلی کوردمان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە دەستووردا، لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان کاردەکەین".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەنەکەسە جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە کاری هاوبەش لەسەر ئاستی کوردی و نیشتمانیی سووریا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هیواکانی گەلی سووریا بۆ ئازادی، داپەروەری و دیموکراسی بەدیبێن."
 
ئەنەکەسە 11 ساڵ لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا بوو و یەکێک لە جێگرانی پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەش لە پشکی ئەوان بوو.
 
هێزەکانی نێو هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو ئێستا بەشێکن لە دەسەڵاتی راگوزەری دیمەشق. هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە هەوڵدان لەگەڵ ئەنەکەسە رێکبکەون بەرەیەکی کوردستانی یەکگرتوو بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق پێکبێنن. 
 
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە رووداوی گوت: "کشانەوەمان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بە واتای دژایەتیکردنی" دەسەڵاتی نوێی سووریا نایەت. 
 
فەیسەڵ یوسف لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی هەینیی رووداودا بە نالین حەسەنی پێشكێشكاری رووداوی راگەیاند: "رژێم رۆیشت. ئێستا پێویستە پێکەوە سووریایەکی نوێ و دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنین بۆ ئەوەی پێکهاتەکان هەموویان بە مافی خۆیان شادبن و ئازاد بن."
 
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت "بە روانگەیەکی کوردیی هاوبەش و یەکگرتوو" لە پڕۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن؛ رەتیشیکردەوە کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن مەرجی پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) یان لەسەر داوای هەر وڵاتێکی بیانی بووبێت. 
 
هاوپەیمانیی پەیەنەکە لەو پارتانە پێکدێت لە نێو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. 
 
فەیسەڵ یوسف گوتی: "پێشتریش کە ئێمە لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا دژی رژێم دەوەستاینەوە، مەرجی هیچ کەس نەبوو. تەنانەت کاتێک دانوستاندنیشمان دەکرد [لەگەڵ لایەنە کوردییەکان]، دەمانگوت ئەو روانگە کوردییە هاوبەشەی لە ساڵی 2012 لەسەری رێککەوتین، بۆ ئێمە بناخەیە. ئێمە وەک ئەنەکەسە بەردەوام هەڵگری ئەو روانگەیە بووین، تەنانەت لەو کاتانەش لەگەڵ لایەنەکی دیکەدا کۆک نەبووین." 
 
لەبارەی گفتوگۆی کوردی - کوردی لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، گوتەبێژەکە گوتی: "هەوڵدەدەین شاندێک پێکبهێنین. بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەوان مەرج بەسەر ئێمەدا بسەپێنن یان ئێمە مەرجیان بەسەردا بسەپێنین، بەڵکو دەمانەوێت جەخت بکەینەوە کە روانگەی سیاسیی هاوبەش بۆ تەواوی سووریا و کورد بەدەستبێنین."
 
ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، دیارترینیان فەرەنسا، لە دوای رووخانی ئەسەد، وەک نێوەندگیر هەوڵ بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەدەن. لە کاتێکدا مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە زۆرینەی هەرە زۆری لە کورد پێکدێت، بۆ بەردەوامبوونی شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش بە پێویست دەزانن. 
 
فەیسەڵ یوسف رەتیکردەوە کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو لەسەر داواکاریی ئەو وڵاتانە بووبێت و گوتیشی: "ئەم بڕیارەمان لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، ئەنەکەسە و وڵاتی سووریا لەم قۆناخەدا دا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری سلێمانی لە شەوان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

چوار رۆژ کارەبای بەشی زۆری سلێمانی دەبێتە 24 کاژێری

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 18ـی ئادار لە زۆربەی شاری سلێمانی کارەبای نیشتمانی 24 کاژێر دەبێت. بەرپرسێکی کارەبا ئەو گەڕەکانە دیاری دەکات کارەبا 24 کاژێرییەکە نایانگرێتەوە.