رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە دەڵێ، دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە دەروازەی سێمالکا و ئاماژە بەوەش دەکات، پرسی دەروازەکە سیاسییە.
مەروان عەلی، فەرماندەی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە، رۆژی شەممە 07-02-2026، سەردانی نوورەدین عیسا، پارێزگاری حەسەکەی کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارێزگار، مەروان عەلی رایگەیاند، دۆخەکە زۆر ئەرێنی بوو و باسیان لە پرسەکانی ئاگربەست، خاڵی ئەمنی و سەردانی شاندێکی وەزارەتی بەرگری بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە.
مەروان عەلی رایگەیاند، "رێککەوتین لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو. پشتیوان بە خودا، دەست بە هەنگاوەکان دەکەین لە وەرگرتنی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و کێڵگەی نەوتی رومێلان و کشانەوەی هێزەکان بۆ شوێنی خۆیان لەلایەن هەردوولاوە، بۆ نەهێشتنی گرژییەکان."
سەبارەت بە نوورەدین عیسا، فەرماندەی ئاسایشی پارێزگای حەسەکە گوتی، "نوورەدین عیسا پارێزگاری حەسەکەیە و لەلایەن بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە راسپێردراوە."
فەرماندەکەی ئاسایشی حەسەکە رەتیکردەوە کۆبانێ گەمارۆ درابێت و گوتی، "بابەتی کۆبانێ بە بابەتی حەسەکە و قامشلۆوە گرێدراوە و یەک بابەتە. هێزەکان چوونەتە ناوچەی شیوخ و بەم نزیکانە هێزە ئەمنییەکان دەچنە نێو کۆبانێ. بە هەمان شێوەی حەسەکە، هێزەکان لە کۆبانێ دەکشێنەوە و دۆخی شارەکە ئاسایی دەبێتەوە."
سەبارەت بە ئاوارەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی و ناوچەکانی دیکە، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئاوارەکان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش خانووەکان چۆڵ دەکرێن بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان بگەڕێنەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو، لەبارەی دەروازەی سێمالکا کە تاکە خاڵی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانە، مەروان عەلی گوتی، "بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە و دۆخی هاوشێوەی دەروازەکانی دیکەی دەبێت."
لەبارەی تایبەتمەندیی دەروازەکە، مەروان عەلی گوتی، "ئەمە پرسیارێکی سیاسییە و برایان لە دیمەشق لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم وەڵامی دەدەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ