خەڵکی 50 وڵاتن؛ 2201 ژن و منداڵی داعش لە کەمپی رۆژ چاوەڕێی گەڕانەوەن

07-02-2026
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
ژن و منداڵانی داعش لە کەمپی رۆژ
ژن و منداڵانی داعش لە کەمپی رۆژ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 ساڵ لە کۆتاییهاتنی خەلافەتەکەیان، هێشتا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی داعش لە کەمپی رۆژی رۆژئاوای کوردستان نادیارە. ئەوان هەڵگری رەگەزنامەی نزیکەی 50 وڵاتی جیاوازن و هەندێکیان تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەکانیان، هەندێکیشیان هێشتا بیری تووندئاژۆیی لە مێشکیاندا ماوە.
 
دیوارێکی درێژ جیهانی دەرەوە لەم جیهانە بچووکەی نێو کەمپی رۆژ جیادەکاتەوە. ئاڵما ئیسماعیلۆڤ، ژنێکی 43 ساڵانی خەڵکی سڕبیایە و دایکی 4 منداڵە؛ دووانیان لە چەکدارێکی داعشی بۆسنی و دووەکەی دیکەشی لە دوو چەکداری عێراقی و سعودین.
 
ئاڵما بە رووداوی گوت: "ساڵی 2014 لەگەڵ خێزانەکەم هاتین بۆ سووریا. هاوژینەکەم خەڵکی بۆسنە بوو و کوژرا؛ دوای کوژرانی منداڵەکانم هەڵگرت و لەنێو داعش دەرچووم. ساڵی 2016 هاتم بۆ ئێرە و 7 ساڵە لێرەم."
 
ئەو ژنە سڕبییە دوای کوژرانی هاوژینی یەکەمی، شووی بە چەکدارێکی عێراقی کردووەتەوە کە ئەویش کوژراوە. ئێستا تەنیا داواکاریی ئەوەیە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی: "ئێمە زۆر ماندوو بووین، دەمەوێت لەگەڵ منداڵەکانم بگەڕێمەوە بۆ سڕبیا."
 
ساجیدە عەلی، تەمەن 52 ساڵ و خەڵکی ئۆزبەکستانە و دایکی 10 منداڵە. ئەویش هاوشێوەی ئاڵما دەیەوێت بگەڕێتەوە. ساجیدە دەڵێت: "سەرەتا لە تورکیا بووین، بەهۆی گرانییەوە هاتین. تەنیا ساڵێک لەگەڵ داعش بووم و دوای ئەوەی بینیمان هەموو شتێک هەڵەیە و زوڵم هەیە، هاتینە ئێرە. دەمەوێت بگەڕێمەوە لای دایک و باوکم کە بەتەمەنن و نەخۆشن."
 
ئیلیسا واکف، ژنێکی 36 ساڵانی خەڵکی ئازەربایجانە و بە ترسەوە لەنێو خێوەتەکەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد. ئەو دەڵێت ساڵی 2015 چووەتە سووریا و هاوژینەکەی ناوی "جاوید حوسێنۆف"ـە.
 
ئیلیسا دەڵێت: "بەڵێ دەمەوێت بگەڕێمەوە وڵاتەکەم. کچەکەم دەیەوێت بچێتە قوتابخانە و ببێتە پزیشک؛ خۆشم بەرگدوورم و دەمەوێت ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم."
 
سەرباری ئەمانە، هێشتا بەشێک لە ژنانی کەمپەکە نایانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و هەڵگری بیری تووندئاژۆیین. ژنێکی خەڵکی ماڵدیڤ کە دایکی سێ منداڵە، ئامادە نەبوو قسە بکات و گوتی: "دەترسم لە خەڵک و لە هەموو کەس."
 
پەیامنێری رووداو لە کەمپەکەوە دەڵێت: "ئێرە زۆنێکی مەترسیدارە، چونکە بەشێک لە دانیشتووانەکەی هێشتا بیری تووندئاژۆییان هەیە و رێکخستنی نهێنییان بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ لەسەر رێچکەی باوکە کوژراوەکان داناوە."
 
لە کەمپی رۆژ 2201 ژن و منداڵ دەژین، کە منداڵان سێ بەشی ژمارەکە پێکدەهێنن. دوای ئەوەی کەمپی هۆڵ کەوتە ژێر دەسەڵاتی سوپای عەرەبیی سووریا، ئێستا رۆژ تاکە کەمپی ژن و منداڵانی داعشە لە رۆژئاوای کوردستان کە شەڕڤانان دەیپارێزن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی رێوڕەسم

کوردانی ئەمریکا لە نێو کۆنگرێس رێز لە سیناتۆر لیندزی گراهام دەگرن

وەک رێزێک بۆ پشتیوانییەکانی لە گەلی کورد، ژمارەیەک کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە واشنتن و لە نێو یانەی کۆنگرێسی ئەمریکا، رێوڕەسمێکی پێشوازیی تایبەتیان بۆ سێناتۆر لیندزی گراهام رێکخست.