رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی سووریا "ئەرێنی" بوون و حکومەتی نوێی سووریا ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێگیرکردنی مافی کورد لە دەستووردا. ئاشکراشی دەکات کە بڕیارە هەر لەم مانگەدا شاندێکی هاوبەشی کورد سەردانی دیمەشق بکاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.
سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە، رۆژی شەممە 7-2-2026 بووە میوانی بووڵتەنی کاژێر 7ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و تیشکی خستە سەر وردەکاریی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە. ئۆسۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵێنیان وەرگرتووە ئاوارەکانی سەرێ کانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و جەختیشی کردەوە کە دەبێت کورد لە داهاتووی سیاسیی سووریادا هاوبەشێکی سەرەکی بێت.
ئەمە دەقی هەڤپەیڤینەکەیە:
رووداو: دووی مانگ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، سێی مانگیش لەگەڵ سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. ئەوان چ بەڵێنێکیان بە ئێوە دا؟ بەتایبەتی بۆ مافی سیاسیی کورد و بوونی کورد؟
سلێمان ئۆسۆ: ئێمە وەکو سەرکردایەتیی ئەنەکەسە بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی سووریا بەڕێز ئەسعەد شەیبانی بانگهێشت کراین. ئێمە ئەم بانگهێشتەمان جێبەجێکرد. کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە زۆر ئەرێنی بوو. بە گشتی باسی سووریامان کرد و لە بابەتی پرسی کوردیش خاڵی هاوبەش لە نێوانماندا هەبوون. جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی سووریا رەچاوی دۆخی کورد بکات کە لە رابردوودا تەنگ و چەڵەمەی زۆری بینیوە. کورد گەلێکی رەسەن و سەرەکیی سووریان. لە رابردوودا کورد بەشخوراو بووە و بە قۆناخی زۆر ناخۆشدا تێپەڕیوە. هەروەها باسی مەرسوومی 13مان کرد کە ئەحمەد شەرع دەریکردووە. بە فراوانی باسمان کرد و گوتمان هەنگاوێکی ئەرێنییە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا. بەتایبەتی کە گوتمان ئەمە بکرێتە بنکەیەک. هەروەها بە نیازی هەنگاوی دیکەن، خاڵێک ماوە جێگیر بکرێت. ئەوان گوتیان ئامادەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە شاندێکی کوردی بکەن. تەنانەت بەڵێنیش درا رێکخستن بۆ ئەمە بکرێت.
رووداو: کەی شاند دەچێتە ئەوێ؟
سلێمان ئۆسۆ: نزیکە.
رووداو: ببوورە، ئەو شاندە هاوبەشەی لە قامشلۆ پێکهێندرا؟
سلێمان ئۆسۆ: شاندی هاوبەشی کوردی.
رووداو: شاندی هاوبەشی کوردی، ئەم مانگە دەڕوات؟ واتا مانگی شوبات شاندەکە دەچێت؟
سلێمان ئۆسۆ: بەڵێ.
رووداو: ئەو شاندە لەگەڵ کێ کۆدەبێتەوە؟
سلێمان ئۆسۆ: لەگەڵ وەزیری دەرەوە و یاوەرانی کۆدەبێتەوە.
رووداو: باشە، باسی مافی کورد لە دەستوور کرا؟
سلێمان ئۆسۆ: ئێمە گوتمان مەرسوم هەنگاوێکی ئەرێنییە. مەرسوومێک دەگۆڕدرێت و پێویستە لە دەستوور جێگیر بکرێت. ئەوانیش بەڵێیان بۆ ئەم گوتەیەی ئێمە کرد و گوتیان، ئەگەر سبەی لیژنەیەکی دەستووری پێکبهێندرێت، بە دڵنیاییەوە کوردیش بەشدار دەبن. ئێمە گوتمان دەستوور دوورە و لەوانەیە هەتا چوار ساڵی دیکە نەنووسرێتەوە. بێگومان دەستووری گشتیی سووریا دادەنرێت. ئێمە گوتمان هەر هەنگاوێک پێویست بێت، ئیمە ئامادەین، بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکەین، تەنانەت ئامادەین زۆر مەراسیمی دیکە بکەین.
رووداو: ئایا پۆستی سیاسی دەدەنە کورد؟
سلێمان ئۆسۆ: بەڕاستی ئێمە نەچووبووین هەتا دانوستاندن بکەین. دیدارێک بوو و دوای دیدارەکەش ئەو بابەتانەمان خستنە بەر باس.
رووداو: باشە، قوتابخانە دەمینن؟ زمانی فەرمی چۆن دەبێت؟ ناوی 'عەرەبی' لەسەر سووریا دەمێنێت؟ ئێوە چوون لەوێ بۆ ئەوەی نوینەرایەتیی گەلێک بکەن، تەنیا بە ناوی ئەنەکەسە نەڕۆیشتوون. ئێوە دەڵێن ئیمە نوێنەرایەتیی بەشێکی کوردان دەکەین. ئایا داهاتووی کورد لە سووریا چی دەبێت؟
سلێمان ئۆسۆ: داهاتووی کورد روونە، ئێمە دەڵێین دەبێت دان پێدانانیکی دەستووری بۆ گەلی کورد هەبێت. ئەویش وەکو گەلیکی سەرەکی لە سووریا و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیشی دەستەبەر بکرێت. بابەت و وردەکارییەکانی دیکە دەکرێ لەلایەن لیژنە هاوبەشەکەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. چونکە لە دیدارێکی کاژێری یان کاژێر و نیویدا، ئیمە ناتوانین هەموو شتێک باس بکەین. بەڵام ئەوەی بنەڕەتییە کە بتوانین جەختی لەسەر بکەینەوە ئەوەیە کە دیدارەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو. بۆ نموونە کورد دەبێ هاوبەشی وڵاتەکە بێت و مافی پارێزراو بێت. هەروەها هەرێمەکەی خۆیان بەڕێوەببەن.
رووداو: ئێوە قبووڵ دەکەن سووریا ببێتە وڵاتێکی ناناوەندی؟
سلێمان ئۆسۆ: لە کۆنفرانسی 26ی نیسانی پار پێشنیازمان خستبووەڕوو. ئێمە دەڵێین شێوازی دەوڵەت؛ واتا بۆچوونی ئێمە وەکو کورد.
رووداو: شەرع و ئەسعەد شیبانی پەسندی دەکەن کە بەشێک بەناوی رۆژئاوای کوردستان هەبێت؟
سلێمان ئۆسۆ: ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناخێکداین کە قۆناخی دەستووری و هەبوونی گەلی کوردە. ئێمە داکۆکی لە هەڵوێستی خۆمان دەکەین. ئێمە لە خاڵی هاوبەش دەگەڕێین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین.
رووداو: ئایا ئەنجامی دیدارەکانتان گەیاندووەتە مەزڵووم عەبدی؟
سلێمان ئۆسۆ: دوای ئەوەی گەڕاینەوە، دیدارمان دەبێت. شاندی هاوبەشیش دیدار دەکات؛ من و کاک مەزڵوومیش دیدار دەکەین. ئێمە پێمانوایە ئەو کۆبوونەوەیە ئەرێنی بوو. هەردوولا گویمان لە یەکدی گرت. بێگومان هیچ کێشەیەک لەڕێی هەنگاوی سەربازییەوە چارەسەر ناکرێت. خاڵێکی دیکەش کە گفتوگۆمان لەسەر کرد، سەرێ کانی بوو. ئێمە بەڵێنێکمان وەرگرت لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سەرێکانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. وەزیری دەرەوە بەڵێنی دا خەڵکی سەرێ کانی بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
رووداو: بەرە بەرە شتەکان روون دەبنەوە، بۆ نموونە پارێزگار دەستنیشان کرا و بەرپرسی دیکە دەستنیشان دەکرێن. ئایا ئێوە وەکو ئەنەکەسە هیچ پۆستێکی فەرمیتان لە رۆژئاوای کوردستان دەبێت؟
سلێمان ئۆسۆ: بێگومان ماف موڵکی هیچ لایەنێک نییە، نە ئەنەکەسە و نە پەیەدە. ئەمانە دەستکەوتی گەلی ئێمەن. بەڵێ ئیمە لە رێککەوتنی سەربازی قبووڵمان کرد، ئەوان پارێزگار دادەنێن، هەروەها جیگری وەزیری بەرگری بەدەستدەهینن. من پیموایە لە داهاتوودا هەر پۆستێک هەبێت دوولایەنە دابنرێت، چونکە ئەو پۆستانە نوێنەرایەتیی ویستی کورد دەکەن.
رووداو: ئێوە دەتانەوێ چ پۆستێک وەربگرن؟ چونکە دەبێ ئامانجێکتان هەبێت.
سلێمان ئۆسۆ: ئێمە وەکو ئەنەکەسە و وەکو پارتەکانی دیکەش ئێمە دەڵێین، پۆستەکان بە جۆرێک دابەش بکرێن کە گەلی ئێمە قایل بن لەسەری. بۆ نموونە ئەگەر پەیەدە وابزانێت کە ئێمە مافێکی وەهامان نییە، ئەمە قبووڵ ناکرێت و گەلی ئێمەش قبووڵی ناکات.
رووداو: بریارە سەرۆک بارزانی ببینن؟
سلێمان ئۆسۆ: بە هیواین بیبینین، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵینێک نەدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ