نێچیرڤان بارزانی و لۆید ئۆستن جەخت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە

07-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند: "لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان." وەزیری بەرگریی ئەمریکاش گوتی: "پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-03-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەولێر پێشوازیی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، جەختیان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی بەغدا کردووەتەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دڵنیامان کردەوە کە سوورین لەسەر رێکخستنەوەی پێشمەرگە و تەگەرەکانی بەردەمیان تێدەپەڕێنین، هەروەها لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هاوڕابووین کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ عێراق لەگەڵ خۆیدا دێنێت."
 
هاوکات لۆید ئۆستن گوتی: "بۆ ئەوەی وڵاتی عێراق بە توانای تەواوی خۆی بگات؛ پێویستە هەولێر و بەغدا پێکەوە کاربکەن لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا. هەروەها پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق."

 

 
ئەمە یەکەمین سەردانی لۆید ئۆستن بوو وەکو وەزیری بەرگری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئۆستن پێشتر لە ئەیلوولی 2010 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2011 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق و دواتریش لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی باراک ئۆبامادا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە بووە و سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکای کردووە لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا. 
 
"پەیامێکی گرنگ"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری بەرگریی ئەمریکای کرد لە بەرامبەر سەردانەکەی بۆ هەولێر و بە "دۆستی دێرینی گەلی کوردستان و عێراق"ی ناوبرد. هاوکات لۆید ئۆستن سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "خۆشحاڵ بووم بە بینینتان ئەمڕۆ؛ هەروەها خۆشحاڵ بووم کە جارێکی دیکە هاتمەوە هەولێر."
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان هاوکات گوتیشی، هاتنی لۆید ئۆستن "پەیامێکی گرنگ و روونی دڵنیاکردنەوە و پشتگیریی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق."

 

سەردانەکە لە چوارچێوە گەشتێکی بەرفراوانی وەزیری بەرگریی ئەمریکادا دێت بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بە گوێرەی پێنتاگۆن ئامانج لێی ئەوەیە، دڵنیایی بە وڵاتانی ناوچەکە بدات لەوەی کە وێڕای چڕبوونەوەی سەرنجی واشنتن لە سەر رووسیا و چین، ئەمریکا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوچەکەی لە بیرنەکردوون و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "کۆبوونەوەیەکی باش"یان هەبووە و باسیان لە "پەیوەندیی هەردوولا لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی عێراق و ئەمریکا" کردووە.
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "جەختمان لە پێویستیی بەردەوامیی هاوکاریی هاوبەش و پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات و، نزیکەی 2500 سەربازی بۆ راوێژ و مەشقپێدانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتوونەتەوە. هەروەها لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، لە ساڵی 2014ـەوە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە و دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشکردنی رەوشی مرۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەرجکردووە. 

 

 
نێچیرڤان بارزانی: بەهای هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا کۆماندەکاتەوە
 
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی لۆید ئۆستنەوە گوتی: "سوپاسی رۆڵی تایبەتیی جەنابیان دەکەین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە،" هەروەها گوتیشی: "سوپاسی ئەمریکا دەکەین بۆ پشتگیریی بەردەوامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئێمە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا کۆماندەکاتەوە. پێکەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیریی عێراق و بەرژوەندیی هاوبەش بپارێزین."
 
لۆید ئۆستنیش بە بایەخەوە باسی لە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازیی نێوان هێزەکانی وڵاتەکەی و پێشمەرگە کرد و گوتی: "ماوەی چەندین دەیەیە ئێمە شان بە شانی یەکدی کارمان کردووە، لەوانەش لە هەندێ کاتی زۆر زۆر سەختدا؛ لە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارامەوە تاوەکو دەگاتە شەڕی بەردەوام و هاوبەشمان لە دژی داعش."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەشی بەوە کرد: "بە پێکەوە کارکردن، ئەمریکا و عێراق و لەنێویدا هەرێمی کوردستانی عێراق، خەباتێکی گەورەیان بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی خاکی عێراق کردووە. لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە کابووسی داعش رزگارکردووە و زیاتر لە 4.5 عێراقیمان ئازادکردووە،" بەڵام هۆشداریشیدا کە "داعش هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیان و بژێویی هاووڵاتییانی عێراق، بۆیە بەردەوامبوونی پێکەوەکارکردنمان گرنگە، بەهەمان شێوەی هاوئاهەنگیی پێشمەرگەی کورد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە نێویشیاندا لەسەر لیوا هاوبەشەکان."
 
ئۆستن گوتی: "رێگەم بدەن ستاییشی ئەو رۆڵە گرانبەهایە بکەم کە پێشمەرگەی کورد وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق گێڕایان."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتیوانیی خۆیشی بۆ یاداشتنی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن دەربڕی کە 21ـی ئەیلوولی 2022 لە هەولێر واژۆکرا. 
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رۆژی سێشەممە لە تویتێکدا گوتی، ئامانج لە کۆبوونەوەی نێوان لۆید ئۆستن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "جەختکردنەوەیە لە هاوبەشی ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
ئەلینا باسی لەوە کردووە: "ئەمریکا پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمیانەکردن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە پێناو مسۆگەرکردنی تێكشکاندنی بەردەوامی داعش."
 
"داعش تاکە هەڕەشە نییە"
 
لۆید ئۆستن گوتیشی: "بەداخەوە، داعش تاکە هەڕەشە نییە کە ئەم هەرێمە رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لەو دیوی سنوورەوە لە لایەن ئێرانەوە دەکرێن،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو زنجیرە هێرشە درۆنیانەی کە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوو لە لایەن ئێرانەوە کرانە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو هەرێمی کوردستان. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "ئەم هێرشانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ژیانی خەڵکی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە بەربەست لە بەردەم خەڵکی عێراق،" ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی عێراق."
 
دەقی قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
 
رۆژ باش. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە پێشوازی لە بەڕێز لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و دۆستی دێرینی گەلی کوردستان و عێراق دەکەم. بێگومان هاتنی بەڕێزیان پەیامێکی گرنگ و روونی دڵنیاکردنەوە و پشتگیریی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو. باسمان لە پەیوەندیی هەردوولا لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجیی عێراق و ئەمریکا کرد. 
 
جەختمان لە پێویستیی بەردەوامیی هاوکاریی هاوبەش و پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها باسمان لە گرنگیی هاوکاریی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست لە پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد. 
 
دڵنیامان کردەوە کە سوورین لەسەر رێکخستنەوەی پێشمەرگە و  تەگەرەکانی بەردەمیان تێدەپەڕێنین، هەروەها لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هاوڕابووین کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بۆ عێراق لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

 

 هاوڕابووین لەسەر پشتگیریی حکومەتی فیدڕالیی عێراق و کارکردنی پێکەوەی هاوبەشمان لە ناوچەکە بۆ پاراستنی سەقامگیری.  هەروەها دوپاتمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت. جەنابی وەزیر، دووبارە، زۆر زۆر بەخێربێن بۆ هەولێر. سوپاسی رۆڵی تایبەتیی جەنابیان دەکەین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە. سوپاسی ئەمریکا دەکەین بۆ پشتگیریی بەردەوامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێمە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا کۆماندەکاتەوە. پێکەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیریی عێراق و  بەرژوەندیی هاوبەش بپارێزین. زۆر سوپاس بۆ هاتنتان و رۆژێکی خۆش." 
 
دەقی قسەکانی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا
 
بەڕێز سەرۆک، خۆشحاڵ بووم بە بینینتان ئەمڕۆ؛ هەروەها خۆشحاڵ بووم کە جارێکی دیکە هاتمەوە هەولێر. ماوەی چەندین دەیەیە ئێمە شان بە شانی یەکدی کارمان کردووە، لەوانەش لە هەندێ کاتی زۆر زۆر سەختدا؛ لە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئاسوودەییەوە تاوەکو دەگاتە شەڕی بەردەوام و هاوبەشی ئێمە دژی داعش.
 
بە پێکەوە کارکردن، ئەمریکا و عێراق و لەنێویدا هەرێمی کوردستانی عێراق، خەباتێکی گەورەیان بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی خاکی عێراق کردووە. لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، زیاتر لە 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە کابووسی داعش رزگارکردووە و زیاتر لە 4.5 عێراقیمان ئازادکردووە. بۆیە رێگەم بدەن ستاییشی ئەو رۆڵە گرانبەهایە بکەم کە پێشمەرگەی کورد وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق گێڕایان. 
 
پێویستە تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوکاریی حکومەتی عێراق لە عێراق ماونەتەوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە شەڕی دژی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق بکەن. ئێمە دڵخۆشین بە پاڵپشتیکردنی هێزەکانتان بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی عێراق. هەروەها دەمەوێت پشتیوانیی خۆم بۆ ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتنە دەرببڕم کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ساڵی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەتان واژۆیکرد. ئەو یاداشتە جەخت لە ئامادەیی ئێمە دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە دابینکردنی یارمەتیی ئەمنی بۆ هێزەکانتان، لە کاتێکدا کە پێکەوە کار لەسەر چاکسازیی دامەزراوەیی دەکەین.
 
داعش هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی عێراق. بۆیە بەردەوامبوونی پێکەوەکارکردنمان گرنگە، بەهەمان شێوەی هاوئاهەنگیی پێشمەرگەی کورد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە نێویشیاندا لەسەر لیوا هاوبەشەکان. بەداخەوە، داعش تاکە هەڕەشە نییە کە ئەم هەرێمە رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لەو دیوی سنوورەوە لە لایەن ئێرانەوە دەکرێن. ئەم هێرشانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ژیانی خەڵکی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و دەبنە بەربەست لە بەردەم خەڵکی عێراق. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی عێراق. بۆ ئەوەی وڵاتی عێراق بە توانای تەواوی خۆی بگات؛ پێویستە هەولێر و بەغدا پێکەوە کاربکەن لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا.
 
هەروەها پێویستە سەرکردەکانی کورد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و یەکبگرن بۆ بونیادنانی هەرێمێکی سەلامەت و خۆشگوزەرانی کوردستانی عێراق. دووبارە سوپاس بەڕێز سەرۆک بۆ ئێوە و تیمەکەتان لە بەرامبەر پێشوازیکردنتان لە ئێمە. هەروەها سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆیە مەزنەی کە ئەمڕۆ هەمانبوو. چاومان لەوەیە هاوبەشییەکەمان تەنانەت بەهێزتریش بکەین.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانەری خولەکە

گەورەشارەوانیی ئامەد خولی فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە

گەورەشارەوانیی ئامەد، خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بە شێوەزارەکانی کورمانجی، سۆرانی و زازاکی و زمانەکانی دیکەشی راگەیاند. رۆژی 16ـی شوبات دوایین وادەی ناونووسینە.