کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆماریی تورکیا، رۆژی شەممە 7-3-2026 رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان کردووە؛ پرۆسەی چارەسەری و جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران دوو تەوەری گرنگی گفتوگۆکە بوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆککۆمارمان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردیی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پێکدادانی ناوچەکەمان و دوایین پێشهاتەکان تاوتوێ کران." ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانی عێراقە.
ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە نێچیرڤان بارزانیی گوتووە، ساڵانێکە تورکیا بەرامبەر هەر هەنگاوێک وەستاوەتەوە کە تورکیا و ناوچەکە تووشی کارەسات دەکەن. هەروەها گوتوویەتی، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەنگاوانەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناوچەکە بەرەو کارەسات دەبەن و بە وردی چاودێریی ئەو جموجووڵانە دەکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەندێک گرووپی دیکەوە کراون."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی بە چڕی کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دەکات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە گرنگیی پرۆسەی چارەسەری کردووەتەوە.
پێشتریش، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "بە وردی تیشکيان خسته سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له ئهنجامى شهڕدا هاتوونهته ئاراوه. هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لهسهر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست دهكات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ."
له لايهكى دیکەوە، "سەرۆک ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. ههروهها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا."
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له ناوچهكهدا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ