پاسەوانی سنووری عێراق بۆ رووداو: هیچ هێزێک نەچووەتە نێو ئێرانەوە و سنوور کۆنترۆڵ کراوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چوونی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق بەرەو سنوورەکانی ئێران. بەرپرسێکی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، هێزەکە بۆ تووندوتۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان نێردراون.
 
رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هێزێکی پاسەوانی سنوور بۆ زیاتر تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران رەوانەی پارێزگای سلێمانی کراون.
 
عەمید حەیدەر کەرخی دەڵێت، "هێزەکە تەنیا لە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور پێکدێت، بەڵام هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشدا هەیە بۆ پاراستنی سنوور."
 
ئەو بەرپرسەی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دڵنیایی دەدات، "سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و بە کامێرای گەرمیبین چاودێری دەکرێت."
 
عەمید حەیدەر ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی سنوور بەزاندن تۆمارنەکراوە و هیچ هێزێکیش لە هەرێمی کوردستانەوە نەچووەتە نێو کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە."
 
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو هێزەی نێردراوەتە ئەو سنوورانە، لەسەر داواکاریی ئێران بووە."
 
ئەو سەرچاوە باڵایە گوتیشی، "داواکارییەکەی ئێران لەسەر بنەمای ئەگەری بەزاندنی سنوورەکان لەلایەن چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە بووە."
 
رۆژی هەینی 06-03-2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی " زانیاریی تەواویان" لەسەر سنوورەکان هەیە و سەرجەم جووڵەکان لەژێر چاودێریدان.
 
گوتەبێژەکەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هۆشداری دەدەینە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە هەنگاو یان هاوکارییەک بۆ جێگیرکردنی هێزی دووژمنکار لە هێڵی سنوورییەکانی ئێران، بە تووندی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە."
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە 1600 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی رووداوەکە

پاشماوەی درۆنێکی لە هەولێر ئاگری لە کۆگایەک کردەوە

ئێوارەی رۆژی شەممە 7-3-2026، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرا، دوای تەقاندنەوەی لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە، پاشماوەکەی لەسەر رێگەی گەزنە کەوتە ناو کۆگایەکی گەورە و ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە.