رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەبارەی کشانەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێسپی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکراونەتەوە راست نین و سەربازەکانیان لە سەر ئەرکی خۆیان بەردەوامن.
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی کشانەوەی سوپای تورکیا لە سەرێکانی و گرێسپیی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکرایەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا ئەو ناوچانە بە ناوچەی "ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی" ناو دەبات.
ئاژانسی هەواڵیی دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 07-03-2026 بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە کە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و تورکیا بە نیازی هەنگاوێکی لەم جۆرە نییە.
ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، "لە هەندێک دەزگا و دامەزراوەدا، بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک درابێت، هەواڵ لەبارەی کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی بڵاوکراوەتەوە. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە ناوچەی کانیی ئاشتی لە سەر ئەرکی خۆیان بەردەوامن. لەم بابەتەدا هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە."
هەرچەندە وەزارەتی بەرگری کشانەوەکە رەت دەکاتەوە، بەڵام محەممەد جەمیل، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکان لە سەرێکانی پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، لە شارەکەدا گۆڕانکاریی گەورە رووی داوە.
هەروەها ئاماژەی کردبوو، لە سەرێکانی ئاڵای تورکیا لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان داگیراون و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی کاتیی سووریا کراون و هێزەکانی تورکیا بە رێژەیەکی بەرچاو لە نێو شار کشاونەتەوە و تەنیا لە دوو گوند بنکەیان ماوە.
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن.
تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش دا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی (چڵەزەیتوون) لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ