رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، نزیکەی 70 هەزار قوتابی ئاوارەی ناوچەکانی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن و لیژنەکەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق لەسەر بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردە کۆدەبێتەوە.
نەجوا حەمید کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ، کێشە و گرفتی گەورە بۆ قوتابییە ئاوارەکان و کەسوکارەکانیان دروست دەکات و دەبێت بڕیارەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "نزیکەی 70 هەزار قوتابیی ئاوارەی ناوچەکانی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هەر لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو قۆناخی ئامادەیی، گەڕانەوەیان پێویستی بە زەمینەسازیی و دابینکردنی شوێنی خوێندن و قوتابخانە و ژێرخانی خوێندنە، کە تائێستا لە زێدی خۆیان ئەو زەمینە فەراهەم نەکراوە."
نەجوا حەمید دەڵێت، "بڕیار بوو لیژنەکەیان لەسەر ئەو بابەتە رۆژی چوارشەممە هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی رووداوی هاتووچۆی بەردەم قوتابخانەی زەینەبە لە قەزای حاریسە لە پارێزگای بەسرە کۆبوونەوەکە دواخرا، چونکە وەزیری رۆژی چوارشەممە چووە بەسرە و نەیتوانی بێتە لیژنەکەیان؛ بەڵام بڕیاری دوای جەژن بێتە لیژنەکەیان و ئەو بابەتەی لەگەڵی تاوتوێ بکەن و بڕیاری پێویست لە بەرژەوەندیی قوتابیان بدرێت."
نزیکەی کاژێر 4:10 خولەکی رۆژی سێشەممە، 2ی نیسانی 2024، لەبەردەم قوتابخانەی زەینەبە لە قەزای حاریسە لە پارێزگای بەسرە بارهەڵگرێک خۆی بە ژمارەیەک قوتابیدا کێشا و بەهۆیەوە 6 قوتابی گیانیان لەدەستدا و یازدەی دیکە برینداربوون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئامار و داتای وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە پێیاندراوە، نزیکەی 10 هەزار مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروردەی عێراق بە تەنیسب لە نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن".
عەلی عەباس کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەت دەڵێت، ئەو مامۆستایانە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەلاحەدین و کەرکووکن، لەکاتێکدا قوتابخانەکانی ناوچە ئازادکراوەکان گرفتارن بەدەست کەمی مامۆستاوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کۆتاییە و پێویست بوو دوو ساڵ لەمەوبەر بدرێت، بەڵام ئەوکات بەهۆی کاریگەری پەرلەمانتاران ئەو بڕیارە دواکەوت، کە ئێستا هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە داخستنی کەمپەکان بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان.
13ی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ی تەممووزی 2024ی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێت.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا دەکات لەو کاتەی کە ماوە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستان 23 کەمپ هەن، کە نزیکەی 35 بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لەنێویاندا هەن و ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ