بۆ یەکەمجار بیبینە؛ نهۆمی دووەم بۆ بەشە شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دروستکراوە

08-04-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر
نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەشە شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەیدا هۆڵێکی گەورەی کولتووری و نهۆمی دووەمی لەسەر شێوازە کولتوورییەکەی بۆ دروستکراوە، کە 58 دووکان لەخۆی دەگرێت.
 
دوای 11 مانگ، دیدار توانی دووکانەکەی خۆی ئاوەدانبکاتەوە. ئەو خاوەنی یەکێک لەو دووکانانەی بەشی شوێنەواریی قەیسەریی هەولێرە، کە لە ئایاری ساڵی رابردوو دا سووتان. 
 
هەر بەتەنیا خۆی نا، بەڵکو دووکانی دوو برای نیڤشکانیشی کە بە کرێیان دابوو، سووتاون، بەڵام هێشتا کارکردن لە دووکانی دوو براکەی دیدار، تەواو نەبووە. 
 
دیدار یونس، دووکانداری بازاڕی قەیسەریی هەولێر (دووشەممە، 7-4-2025) بە رووداوی گوت "دوای 11 مانگ، سوپاس بۆ خودا دوێنێ دووکانی خۆمم کردەوە؛ لەخوا بەزیادبێت بە دیزایینێکی زۆر زۆر شازەوە بەڕاستی. خەڵک هەیە دێت بۆ ئێرە، تەنیا بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆ."
 
لە کۆی 270 دووکانی سووتاو 133 دووکانیان شوێنەوارن و کاری نۆژەنکردنەوەیان گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.
 
وشیار لە ساڵی 1993ـوە لەم دووکانە دا بەرگدرووە و هەموو رۆژێک لە چاوەڕوانیی تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکەی دا هاتووچۆی بازاڕ دەکات.
 
وشیار سابر، دووکانداری بازاڕی قەیسەری بە رووداوی گوت "قەیسەری سەری جەمەلۆن بوو، ئێستا چاتییەکەمان بۆ درووستکراوە و شتێکی زۆر جوانە کە کراوە؛ زۆر خاوێن بووەتەوە و دەستیان خۆشبێت، بەڵام ئیشەکان بەڕاستی زۆر بە سستی دەڕۆن، ئێستاش دەرگا و کارەبامان نییە، دیار نییە و نازانین تەواو دەبێت یان تەواو نابێت." 
 
دووکانە سووتاوەکانی دیکەی بازاڕەکە 2 مانگ دەبێت رادەستکراون، تەنیا ئەم 133 دووکانە شوێنەوارە ماون کە کاری نۆژەنکردنەوەیان کاتی زیاتری ویستووە، ئەوەش بەهۆی رێنماییەکانی یونسکۆ و مەرجی نۆژەنکردنەوە بووە، بۆ ئەوەی هیچ زیانێک بە دیزایینی رەسەنی دووکانەکان نەگەیێنرێت.
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە شەوی 5-5-2024 بوو، کە تێیدا نزیکەی 270 دووکان و 7 کۆگەی بازاڕەکە سووتان. تێچووی نۆژەنکردنەوەی 133 دووکانە شوێنەوارییەکەش، 2 ملیار و 400 ملیۆن دینارە.
 
هەرکەسێک لەمەودوا سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بکات، دیمەنێکی تازە دەبینێت  ئەویش نهۆمی دووەمی بازاڕەکەیە، کە پێشتر تەنیا بنمیچێکی داتەپیو بوو، بەڵام لەدوای نۆژەنکردنەوە، 58 دووکانی نوێی لێ دروستکراوە، لەگەڵ هۆڵێکی 100 مەتردووجا، کە لەداهاتوودا بۆ چالاکیی کولتووریی و هونەری بەکاردێت. 
 
58 دووکانە نوێیەکەی نهۆمی دووەم، بڕیاری لێنەدراوە بکرێن بە چی، بەڵام هەموویان لە کۆنەوە خاوەنی خۆیان هەیە، کە لەبەر کۆنی و داتەپینی شوێنەکە، نەیانتوانیوە بەکاریبهێنن.
 
بڕیارە بەر لە جەژنی قوربان، دووکانەکان بە تەواوی رادەستبکرێن و تەنیا کاریش کە تێیدا مابێت، دابینکردنی کارەبا و دروستکردنی دەرگای داری دووکانەکانە.
 
ئەندازیار سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دەڵێ، "هیچ کارێکی نۆژەنکردنەوەمان لەنێو دووکانەکان دا نەماوە، دووکاندارەکانیشمان سەربەست کردووە بۆ ئەوەی بێن، پێوانەی مێز و رەفەیە یان گۆڕانکارییەک کە لە دیوی ژوورەوە خۆیان بیانەوێتت، بیکەن؛ سەربەستمان کردوون و دەتوانن بیکەن. ئەو دیزایینەی کە پێشتر هەبوو، پارێزگاریمان لێکردووە." 
 
بەشێکی دووکاندارانی بازاڕەکەش گلەیی لە شێوازی نۆژەنکردنەوەکە دەکەن و بەڵێندەر و وەستاکان بە کەمتەرخەم دەبینن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.