رووداو دیجیتاڵ
کچێکی تەمەن 22 ساڵ کە ئۆتیزمی هەیە و توانای بیرکردنەوەی وەکو منداڵێکی بچووکە، لەگەڵ گەورەبوونیدا بە نەشتەرگەری منداڵدانی دەرهێنراوە، نەشتەرگەرییەکەش وەکو دایکی دەڵێت، لەژێر رێنوێنی و بڕیاری لیژنەى فتوا و لیژنەى پزیشکی کراوە.
حاجی چیمەن، دایکی کچەکەیە و بەردەوام خزمەتی دەکات، بۆ چارەسەری ئۆتیزمی کچەکەی تاوەکو هیندستان چووە، بەڵام بەبێ چارەسەر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
حاجی چیمەن، دایکی کچێکی ئۆتیزم بە رووداوی گوت، "بۆ خۆم بینیبووم کە لە کاتی جیاوازدا حەوت منداڵیان لە سکی ئافرەتێکی دەروون نەخۆش دەرهێنابوو، کە دەستدرێژی سێکسییان کردبووە سەر، بۆیە کە ئەم کچەمان بوو و زانیمان ئۆتیزمی هەیە، ترساین هەمان حاڵەت بەسەر کچەکەی منیشدا دووبارەبێتەوە، بۆیە لەگەڵ هاوژینەکەمدا گفتوگۆمان کرد و بڕیارماندا هێلکەدانی بۆ دەربهێنین، ئەمەش دووجار لیژنەى فتوا فتوای لەبارەوەدا و لیژنەى پزیشکیش بڕیاری لەبارەوە داوە، واتە سێ جار بڕیاری لەبارەوە دراوە. دەرهێنانی بەشێک لە لاشەی کەسێک بە ساخی زۆر قورسە، بەبێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکی هەبێت."
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەچێتە لای ئەو پزیشکەی کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامداوە، ئەویش جەختی لەوە کردەوە، بە ئاگاداری لیژنەى پزیشکی و لیژنەى فتوا نەشتەرگەرییەکەیان کردووە. ئەو پزیشکە نموونەی چەند کەسێکی دیکەی باسکرد، کە هاوشێوەی ئەو کچە ئۆتیزمە لە ماوەى شەش ساڵی رابردوودا نەشتەرگەری بۆ کردوون.
د. شلێر فەقێ، پزیشکی ژنان و منداڵبوون گوتی، "پێنج نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدانم کردووە، کە دووانیان شەلەل دەماغی زۆریان هەبوو، دووانیان ئۆتیزمیان بەڕێژەی بەرز هەبوو، ئەوی دیکەیان نەخۆشی داونی هەبوو کە نەخۆشی دیکەشی لەگەڵبوو، چونکە داون بە تەنیا منداڵدانی دەرناهێنرێت و منداڵیشی لەبارنابرێت. خێزانەکان پەنا دەبەنە بەر دەرهێنانی منداڵدانی کچەکانیان، لەبەرئەوەی ترسیان هەیە لەوەی دەستدرێژیی سێکسی بکرێتە سەر کچەکانیان و دووگیان بن، هەروەها ئەگەر خێزانەکان چەندێک هۆشیار و پاکوخاوێنبن، بەڵام ئەو کچە خۆی ناتوانێت پاگوخاوێنی رابگرێت و لەوانەیە هەڵسوکەوتێکی نەشیاو بکات."
لە پارێزگای سلێمانی، حەوت نەخۆشخانەى تایبەت و نەخۆشخانەیەکی حکومی هەیە، کە نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدانیان تێدا دەکرێت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە حکومییەکە مەرجەکانی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە باسدەکات.
د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى منداڵبوونی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئەو حاڵەتانە نەشتەرگەری دەکرێت، بەڵام پێویستە مەرجە زانستییەکانی تێدابێت، یەکەم پێویستە تەمەنی 16 ساڵی تەواوکردبێت، دووەم لیژنەى پزیشکی بڕیاری لەبارەوە دەدات، سێیەم تەنیا منداڵدانی بۆ دەردەهێنرێت و هێلکەکانی دەهێڵرێتەوە، لەبەرئەوەی هێلکەدان بۆ لەشی کچەکە پێویستە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە ساڵی رابردوو، لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی سلێمانی 140 نەشتەرگەری و لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی هەولێر 240 نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان کراون، بەڵام ئامارێکی فەرمی نییە کە چەندیان بەهۆی ئۆتیزم و کێشەی بیرکۆڵییەوە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ