رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندێکی سنووری شەقڵاوە دەڵێ، چەند کەسێک بە شەو لە گوندەکەدا زیاتر لە چوار بۆ پێنج پیکاب داری تەڕی بەڕوویان بڕیوەتەوە و هەڵاتوون. بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوەش دەڵێت، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
رۆژی یەکشەممە 7ـی ئایاری 2023، عەبدولسەمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی بەرەکە لە قەزای شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەوی 2ـی ئەم مانگە چەند کەسێکی نەناسراو نزیکەی 5 بارهەڵگر داری تەڕی بەڕوویان بڕیوەتەوە و هەڵاتوون".
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشکرد، دارەکان بەتەمەن بوون و پێدەچێت بۆ خەڵووز بڕابێتنەوە. گوتیشی، خۆی چووە و سكاڵای یاسایی دژی تۆمەتبارانی بڕینەوەی ئەو دارانە تۆمار کردووە.
عەقیدی مافپەروەر وەلید حەمەد خزر، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگاداری رووداوەکەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردووەتەوە. گوتیشی "هەرچەند سنوورەکەمان زۆر فراوانە، رۆژانە بەردەوام مەفرەزەکانمان دەگەڕێن؛ ئەوانەی دار دەبڕنەوە زیاتر بە شەوان دەیکەین".
عەقید وەلید ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوونی جیدیی بۆ تۆمەتبارانی رووداوەکە دەکەن بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە ئاشکرایکرد، لە یەک ساڵی رابردوودا 170 کەس بە تۆمەتی جیای پەیوەست بە ژینگە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
بەگوێرەی ماددەی 21 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەنێوان سێ ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ