هەفتەی داهاتوو پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئەلیکترۆنی

07-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. بڕیارە سبەی وەک یەکەم شوێن لە پارێزگای هەڵەبجە ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی چالاک بکرێت. لایەنی پەیوەندیدار لە هەولێر، دهۆک و سلێمانیش دەڵێن: دوای هەڵەبجە سەردانی ئەوانیش دەکەن و لەوێش چالاک دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ لە عێراق ئاگاداریان کردینەوە، کە ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکی دێنە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک وەک یەکەم شوێنی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە چالاک بکەن، دواتر دەستدەکرێت بە نوێکردنەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان."
 
وەک بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە گوتی، هەموو دواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردووە و ئامادەکارییەکان تەواو بوون، فۆڕمی بریکارەکانیشمان پڕکردووەتەوە، تەنیا ماوە کە بێن و ئەپڵیکەیشنەکە چالاک بکەن.
 
لە پارێزگای هەڵەبجە، 250 بریکاری خۆراک هەن. بە گوتەی مەریوان هادی، "نزیکەی 120 هەزار فۆڕمی خۆراک هەن."
 
"دوای هەڵەبجە سەردانی هەولێر دەکەن"
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر بە رووداوی گوت، دوێنێ لەگەڵ بەرپرسی بەشی کۆمپیتەری ناوەندی لە بەغدا قسەم کرد، پێیان گوتم کە لە دوای پارێزگای هەڵەبجە سەردانی هەولێریش دەکەن، بڕیارە لە رۆژی شەممە بێن. "هەرچەندە پشووی فەرمییە، بەڵام گوتمان کێشە نییە و دەتوانن بێن و ئەو فەرمانبەرانەی پێویست بن داوایان لێدەکەین بێنەوە بۆ دەوام تاوەکو ئەپڵیکەیشنەکە چالاک بکرێت."
 
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، دوای هەولێر بڕیارە سەردانی سلێمانی و دهۆکیش بکەن، دواتر راستەوخۆ دەستدەکرێت بە ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان تاوەکو زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و بەشداری بکەن.
 
لەبارەی پێداویستییەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکان سیامەند قادر گوتی، پێوستە هەموو تاکێک کارتی نیشتمانی هەبێت، لەگەڵ ژمارەی پسوولەی خۆراکی پێشووی، ئەگەر هەر کەسێک پسوولەکەی ون کردبێت دەتوانێت لای بریکارەکەی وەریبگرێتەوە، هەر کەسێکیش کارتی نیشتمانی نەبێت بەشە خۆراکی مانگانە وەرناگرێت.
 
"زمانی کوردی (سۆرانی و بادینی) بۆ ئەپڵیکەیشنەکە زیادکراوە"
 
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 10 رۆژە ئێمە خەریکی ئامادەکارییەکانین و زیاتر لە 560 وشەمان کردووەتەوە کوردی سۆرانی و بادینی و بۆمان ناردوونەتەوە، سەرەتا ئەپڵیکەیشنەکە کوردی تیانەبوو، بەڵام دواتر داوامان کرد کە پێویستە لە ناوچەکانی مادەی 140ـیش زمانی کوردی سۆرانی و بادینی هەبێت، داواکارییەکەمان جێبەجێکرا."
 
بە گوتەی حوسێن سەبری، ئاگاداریان کردوونەتەوە دوای پارێزگای هەڵەبجە سەردانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانیش دەکەن، بڕیارە دوای هەولێر بێن بۆ دهۆک، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە هیچ سەردانێک ئاگادار نەکراومەتەوە.
 
هاوکات ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بڕیاربوو هەفتەی رابردوو بێن و ئەپڵیکەیشنەکە چالاک بکەن، بەڵام دواکەوت بۆ ئەم هەفتەیە وەک پێیان گوتووین، بڕیارە ئەمڕۆ یان دووسبەی سەردانی سلێمانی بکەن بە مەبەستی چالاککردنی."
 
وەک بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی گوتی، "ئامادەکاریمان کردووە و بەردەوامیش دەبین، خەریکی پڕکردنەوەی فۆڕم و دۆسیەی بریکارەکانین و بەرنامەی کوردیش بۆ ئەپڵیکەیشنەکە چالاککراوە."
 
بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک سوودی چییە؟
 
کۆبۆنی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، دوای چالاککردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە گۆڕانکاری لە کۆبوون و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، چونکە دوای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، هاتووچۆکردن بۆ فەرمانگەکان و لای بریکارەکان نامێنێت، هاووڵاتییان هەر لە مۆبایلەکانیان دەتوانن داوای گواستنەوەی بەشەخۆراک و زیادکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو بکەن."
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لەڕێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.