قایمقامی زاخۆ: ناوی 6 هەزار کەس ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنی زەوی

07-05-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی زاخۆ دەڵێت، ناوی زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی چووەتە بەردەستیان، بەشی زۆریان کارمەندی هێزی ئەمنین.
 
رۆژی چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، موشیر بەشیر، قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی نزیکەی 15 هەزار فەرمانبەر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی 6 هەزار کەس هاتووەتەوە، دوای وردبینی و بەدواداچوون، نزیکەی 12 هەزار فەرمانبەر دەمێننەوە، دوای ئەوەی ناوی هەموویان گەڕایەوە دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەن.
 
وەکو قایمقامی زاخۆ دەڵێت، ناوەکان بە بەش بەش دەنێردرێن، ئەمجارە ناوی دوو هەزار کەس گەڕاوەتەوە کە لە وەزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە و خانەنشینانن و بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکانن.
 
لەبارەی شوێنی زەوییەکان، موشیر بەشیر دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان نییە، شوێنەکان هەموویان ئامادەن، شوێنی باشن و دەکەونە ناوچەکانی سەلکا، خێلەخێ، خرابدار و چەمکیرکێ، کە ئەو شوێنانە دەکەونە سەر شەقامی 60 مەتری و 40 مەتری و نزیک زانکۆی زاخۆ.
 
قایمقامی زاخۆ باسی لەوە کرد، ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو ئێستا کار لەسەر ناوەکان دەکات و دوای تەواوبوونی هەموویان، وردبینی دەکەنەوە و هەموویان پێکەوە دابەش دەکەن.
 
9ـی شوباتی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و ئەم جارە زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد.
 
لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بە شێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 
سێ مەرج دیاریکراون: ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.