رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وانی باکووری کوردستان دەڵێت، لە 15ـی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، دەستیان بەسەر پێنج تۆن و 650 کیلۆگرام ماسیی دارەخدا گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەریاچەی وان راوکراون.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وان، رۆژی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، بڵاویکردەوە، تۆنێک و 750 کیلۆگرام لە جۆری هەمان ماسی، هەڵدراونەتەوە نێو دەریاچەکەوە.
ساڵانە 15ـی نیسان تاوەکو 15ـی تەممووز، ماسیگرتن لە دەریاچەی وانی باکووری کوردستان قەدەخەیە، چونکە ماسییە تایبەتەکەی دەریاچەی وان کە بە 'دارەخ' دەناسرێت، لەو ماوەیەدا گەرا دادەنێت. هاوکات ئەو وەرزە، وەرزی کۆچی ماسییەکانە و لە ئەگەری راوکردنیاندا رێگری لە زۆربوونیان دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، بە بڕی 327 هەزار و 529 لیرەی تورکی (نزیکەی هەشت هەزار و 476 دۆلار) سزای 16 ماسیگری قاچاخ دراوە کە لەو ماوەیەدا راوی ئەو جۆرە ماسییەیان کردووە؛ باسی لەوەش کرد، تیمەکانیان دەستیان بەسەر پێنج بەلەم، 18 ئۆتۆمبێلی تایبەت بە راو و ژمارەیەکی زۆر لە تۆڕدا گرتووە.
ماسیی دارەخ تایبەتە بە دەریاچەی وان و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا ئەو ماسییە نییە. ئەو ماسییە سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە 15 هەزار هاونیشتمانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ