رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپی چەمشکۆی سنووری زاخۆ، فیستیڤاڵی "شنگال و زاخۆ یەک رۆحن" بە ئاهەنگ و شایی بەڕێوەچوو، ئەوەش وەکو دەربڕینی دڵخۆشیی ئاوارەکان کە لە کاتی ئاوارەبوونیان لە ساڵی 2014، خەڵکی سنووری زاخۆ هاوکارییان کردن.
خەلیل مەحموود، قایمقامی زاخۆ بە رووداوی گوت: "ئەو کاتە 176 هەزار ئاوارەی شنگال هاتنە سنووری زاخۆ، زۆر ئەستەم بوو کە بتوانین هەموویان رازی بکەین، ئەو کات هەندێک لە ئاوارەکان سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کرد."
زیاتر لە 25 هەزار کەس لە کەمپی چەمشکۆ دەژین. لەو فیستیڤاڵەدا 21 فەرمانگەی حکومی و بەشێک لە کەسایەتییەکانی سنوورەکە کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردنی کوردانی ئێزدی، خەڵاتکران.
ئیدریس عەلی، یەکێک لەو کەسایەتییانەی زاخۆیە کە لە ساڵی 2014 هاوکاریی ئاوارەکانی شنگالی کرد، لەو بارەوە بە رووداوی گوت: "سەرەتا کە هاتن خواردنی منداڵەکانمم دەکردە دوو بەش، بەشێکی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆم دەمبرد بۆ ئاوارەکان و بەشەکەی دیکەشم لە ماڵ بۆ منداڵەکان جێدەهێشت، بۆ ئەوەی ئەوانیش وەکو ئێمە تێر بخۆن."
حوسێن زەینەل، میری ئێزیدخان باسی لەوە کرد: "مەلای ئەوان دەرگەی مزگەوتەکانیان دەکردەوە و بە خەڵکیان دەگوت: ئەگەر دەتانەوێ بچنە حەج، ئەوە حەج هاتووەتە پێش دەرگەتان، ئەگەر عومرەتان دەوێت، ئەوە هاتووەتە پێش دەرگەی ماڵتان و بڕۆن بۆ خۆتان خێر بکەن."
لە سنووری زاخۆ 22 کەنیسەی کریستیانەکان هەیە، بەشێک لەوان لەڕێگەی مەترانخانەکان هاوکارییان لەسەر ئاوارەکان دابەش کردووە.
قەشە داوود جوونی حەننا، جێگری مەترانخانەی زاخۆ بە رووداوی گوت: "ئێمە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا هاوکاریی ئەوانمان کردووە، کەنیسە و هۆڵەکانمان هەمیشە بۆ ئەوان کراوەیە، چونکە ئەوانیش برای ئێمەن."
لە زاخۆ چوار کەمپی ئاوارەکانی کوردی ئێزدی هەیە کە نزیکەی 46 هەزار کەس تێیدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ