رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ داواکارییەک بە واژۆی 80 هەزار کەسەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی ئێزدی، لە شاری بێرن پێشكێش بە حکومەتی سویسرا کرا. پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتەش پڕۆژەیاسایەکی پێشكێش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە. داواکارییەکە لە لایەن 50 کەسەوە کە بەشێکیان کوردی ئێزدی بوون، رادەستی حکومەتی فیدراڵیی سویسرا کرا.
ئامادەکارانی داوانامەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، "ئەو تاوانانەی لە ساڵی 2014 لە عێراق دەستیانپێکرد، ئەمڕۆش بەردەوامن،" هەروەها پێیانوایە، داننان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، "پەیامێکی بەهێزی دەبێت بەوەی کە پێویستە پێزانین بۆ ئازار و نەهامەتیی قوربانیان و خێزانەکانیان هەبێت."
واژۆکارەکانی داوانامەکە باس لەوە دەکەن، داننان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، هەنگاوێکی "پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکان، نەهێشتنی ململانێ و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی بۆ هەموو لایەک"، هەروەها دەڵێن، ئەو هەنگاوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید گرنگە.
دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سویسرا، لە کاتی رادەستکردنی داوانامەکە ئامادەبوون. هاوکات پەرلەمانتارێک بە ناوی فابیان مۆلینا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژی کوردانی ئێزدی، پڕۆژەیاسایەکی پێشكێش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.
لە ئابی 2014دا داعش هێرشیکردە سەر شنگال و کۆنترۆڵیکرد؛ تێیدا لانیکەم سێ هەزار 100 کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و 6 هەزار و 417 دیکەشی رفاندن کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی کە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا لانیکەم سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 693ی دیکەیان هێشتا بێسەروشوێنن.
ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵ بووە چوارەم وڵاتی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنێت. پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند، دوای ئەوە هەریەک لە پەرلەمانەکانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ