نوێنەری سوودانی بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی پردێی کرد

07-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ناحیەی پردێ کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ناحیەکە و لایەنە  پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و بە دواداچوونی بۆ کێشەکانی ناحیەکە کرد. 
 
دوای دروستبوونی گرژی و ناکۆکی لەسەر پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی ناحیەی پردێ؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق شاندێکی راسپارد بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناحیەکە بکەن.
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025، گەیشتە کەرکووک و لەگەڵ  رێبوار تەها پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆبووەوە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەن گوتی، دواتر شاندەکە  چووە ناحیەی پردێ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ناحیەکە و ئەو کێشانەی تێیدا دروستبوون، بکەن.
 
چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە راپۆرتێکی ورد لەبارەی دۆخی ناحیەکە و رێگەچارەی گونجاو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزبکاتەوە.
 
سەردانی ئەم شاندە دوای ئەوەدێت، کە لە 30ـی حوزەیران بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی، لە دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ خۆپێشاندانیان کرد، تەنانەت بە کردنەوەی ئاگر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووکیان داخست. 
 
عەبدوڵڵا میروەیس باسی لەوە کرد، سەرهەڵدانی ئەم ناکۆکییە تەنیا لەسەر پۆستی بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ بووە، ''پۆستەکە پێشتریش لای کورد بوو، واتا کوردێک لابراوە و کوردێکی دیکە دانراوەتەوە، ئەوە نییە کە تورکمانێک لابرابێت و کوردێک جێگەکەی پڕ کردبێتەوە، بۆیە ئەمە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی کورسیی داهاتووە، زیاتر بابەتەکە هەڵبژاردنە.''
 
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، رۆژی 30ی حوزەیرانی 2025 لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 17ی رووداودا، رایگەیاند، "لە کۆی 17 پۆستی شارۆچکەکە 12 پۆست لەلای تورکمانە، لەوانە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکان، بانک، دادنووس، وەقفی سوننی و پۆلیسی فریاکەوتن." 
 
شارۆچکەی پردێ دەکەوێتە قەزای دووبز لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووکەوە دوورە.
 
عەبدوڵڵا میروەیس  گوتی: "'کورد لە پردێ زۆرینەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کاتێک نەرمیمان نواندووە، کەچی هەندێکجار بەداخەوە هەندێک لە سیاسییەکان، ئەم نەتەوەیە (تورکمان) بە لاڕێدا دەبەن، چونکە ئێمە تەواو بڕوامان بە پێکەوەژیان و برایەتیی کورد، تورکمان و عەرەب هەیە، بۆیە زۆربەی پۆستەکان لای ئەوانن.''
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.